محەممەد شوکری: بەڵێندراوە لەو مانگەدا دەستبکرێت بەئەنجامدانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان

K24 - هەولێر:

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، رایده‌گه‌یه‌نێت، هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغێکی نوێ لە راکێشانی وەبەر‌هێنەرانی بیانی هەنگاو دەنێت. هه‌روه‌ها گوتی: "بەڵیندراوە لەو مانگەدا دەستبکرێت بەئەنجامدانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان".

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، بە کوردستان24ــی راگەیاند، هەرێمی کوردستان خاوەن براندێکی تایبەتە، لە ماوەی داهاتوو لەسەر ئاستی دونیا زۆر باشتر دەناسرێت.

هەروەها راشیگەیاند، لەماوەی رابردوودا چەندین وەبەرهێنەری بیانی ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ وەبەرهێنانکردن لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەمڕۆ پێشوازیکرا لە وەبەرهێنەرێکی ئەمەریکی کە دەیویست وەبەرهێنان لە بواری گەشتیاریدا بکات، ئەویش بە ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاری.

باسی لەوەشکرد، سەردانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ  هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و هەروەها هەمیشە سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی، جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە پرۆسەی رۆتین لەبەردەم وەبەرهێنان نەمێنێت.

زیاتر روونیکردەوە، سەرۆکوەزیران بڕیاریداوە لە ماوەی داهاتوو هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغێکی نوێ هانگاوبنێت و سەرجەم مامەڵەکان بکرێتە ئەلیکترۆنی و رۆتین نەمێنێت.

لە بارەی هاتنی شاندی وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی بۆ هه‌رێمی كوردستان، محەممەد شوکری، گوتی: لە سەردانی ئەمجارەیان بۆ هەرێمی کوردستان، شاندی وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی دەیانەوێت لە بواری نەوت و گازدا وەبەرهێنان بکەن.

سەبارەت بە گەشەسەندنی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، محەممەد شوکری، رایگەیاند، هەوڵدەدەین ئەو گەشەی وەبەرهێنانە والێبکەین خەڵکی هەرێمی کوردستان سودی زیاتری لێوە وەربگرن.

ده‌شڵێت: چەند سەرمایەی زیاتری بیانی بێنە هەرێمی کوردستان، هێندە زیاتر ئابووری هەرێمی کوردستان بەرەو پێشتر و گەشەسەندنی بەردەوام دەچێت.

لەبارەی داواکاری  پرۆژەی نیشتەجێی کرێنشینان، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، جەختی لەوەکردەوە، بەڵیندراوە لەو مانگەدا دەستبکرێت بەئەنجامدانی پرۆژەی نیشتەجێبوون.