بەیان سامی عەبدولڕەحمان: پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە ئاستێکی زۆر باشدایە

بەیان سامی عەبولرەحمان
بەیان سامی عەبولرەحمان

K24 - هەولێر:

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا، جەختی لەسەر بەهێزی پەیوەندیەکانی نێوانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کردووە، هەروەها راشیگەیاند، ئەمەریکا بە نیازە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە (10ــی ئایاری 2023)، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە ئاستێکی زۆر باشدایە و  چەند رۆژێک بەر لە ئێستا باربارا لیف، یاریدەدری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاتە هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی کورد ئەنجامدا.

هەروەها راشیگەیاند، یاریدەدری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە ئومێدەوە لە داهاتووی هەرێمی کوردستاندا دەڕوانێت، هەروەها وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکا یاداشنامەی هاوبەشیان پێکەوە واژۆ کردوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە پەیوەندییەکانیان زۆر پتەون.

بەیان سامی عەبدولڕەحمان هه‌روه‌ها گوتی: "ئەمەریکا بە نیازە وەبەرهێنان لە کوردستان بکات، بە تایبەت لە بواری نەوت، گاز و هه‌روه‌ها بواری کشتوکاڵ".

گوتیشی: کابینەكه‌ی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە بواری وەبەرهێنان زۆر چالاکە، ئاسانکاری تەواوی کردووە بۆ وڵاتان کە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.