بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە سێ فەڵەستینی کوژران

فۆتۆ: AFP
فۆتۆ: AFP

K24 - هەولێر

لە ئەنجامی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، سێ فەڵەستینی کوژران، کە یەکێکیان فەرماندەی سەربازی گرووپی سەرایا قودسە.

گرووپی سەرایا قودسی فەڵەستینی بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی بۆردومانی سوپای ئیسرائیلەوە لە ناوچەی خان یونسی غەززە، فەرماندەیەکی سەربازییان بەناوی عەلی غالی کوژراوە.

لە راگەیەندراوێکدا گرووپی سەرایا قودس سەبارەت بە کورژانی ئەو فەرماندە سەربازییە باسی لەوەکرد، بۆردومانکردنی ناوچەکانی نیشتەجێبوون رایانناگرێت و ئەو گورزانەی داهاتووش کە لە ئیسرائیلی دەوەشێنن ئەوە دەسەلمێنێت.

هاوکات، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر ناحیەی قوباتیە دوو گەنجی فەڵەستینی کوژران.

بە درێژای شەوی رابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل هەڵمەتێکی فراوانیان بۆسەر ناوچەکانی تورولکەرەم، خان یونس  و خێوەتگەی نورشەمس لە کەرتی غەززە ئەنجامدا و بەهۆیەوە رووبەڕوبوونەوەی توند لەنێوان هێزەکانی ئیسرائیل و گرووپە فەڵەستینییەکان روویدا.