پۆلیسی راپەڕین هۆکاری مردنی کچێکی 11 ساڵ لە زێی بچووک ئاشکرادەکات

تەرمی کچەکە لەکاتی دۆزینەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان
تەرمی کچەکە لەکاتی دۆزینەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان

K24 – هەولێر:

دوای بڵاوبوونەوەی ونبوون و دواتر دۆزینەوەی تەرمی کچێکی 11 ساڵان لە زێی بچووک، پۆلیسی راپەڕین ئاشکرایکرد، ئەو کچە بە ئەنقەست پاڵیپێوەندراوە و خراوەتە زێی بچووکەوە و باوکی کچەکەش سکاڵای لەسەر باوەژنی کچەکە و خوشکێکی تۆمارکردووە.

لە راگەیەندراوێکدا پۆلیسی راپەڕین، ئاماژەی بەوەکردووە، دوێنی چوارشەممە (10ـی ئایاری 2023)، ژنێک بەناوی (ن،ع،ا) تەمەن 39 ساڵ دانیشتووی شاری هەولێر کە پێشتر بەسەردان هاتووەتەوە بۆ ماڵی باوکی لە شاری قەڵادزێ، دوای دیارنەمانی زڕکچەکەی سەردانی بنکەی پۆلیسی راپەڕينی کردووە و هەواڵیدا بەوەی کە زڕکچەکەی بەناوی (ئ،ئ،م) تەمەن (11) ساڵ دیارنەماوە و ونبووە.

پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردووەتەوە، لەئەنجامی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون، دەرکەوت کە ونبوونی کچەکە گوماناویە و دوای چوار کاتژمێر بەسەر هەواڵی ونبوونی هێزەکانمان خوشکێکی باوەژنی تاوانلێکراویان دەستگیرکرد کە ناوی (ه،ع.ا) تەمەن 15 ساڵە و  دانیشتووی قەڵادزێیە، دوای ئەوەی لێکۆڵیەنەوەی لەگەڵ کرا لەبەردەمی پۆلیس و دادگا دانی ناوە بەوەی کە "پێش نیوەڕۆی دوێنی لەسەر راسپاردەی خوشکەکەی بەمەبەستی خنکاندنی کچە تەمەن 11 ساڵانەکە لەماڵی خۆیان بردوویەتی بۆ زێی بچووک لە خاس، بەگەیشتنیان بۆ ئەو شوێنە لە قەراخ ئاوەکە پاڵی بەکچەکەوە ناوە  بەمەبەستی خنکاندنی و بەو هۆیەشەوە خنکاوە کە پێشتریش چەند جارێک هەوڵی کوشتنی ئەو کچەیان داوە".

پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بە وتەی باوکی کچە خنکاوەکە کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، "کاتێک کچەکە تەمەنی تەنها شەش مانگ بووە، هەڵیگرتووەتەوە و بە یاسا کردوویەتی بە کچی خۆی و کاتێکیش منداڵەکە تەمەنی بووە بە هەشت ساڵ، باوکەکە هاوسەرگیری لەگەڵ باوەژنەکەی کردووە و  ئێستا سکاڵای هەیە لە دژی ژنەکەی و خوشکی ژنەکەی".

ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، تەرمی کچەکە لە ئاوی خاس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دۆزرایەوە و بەڕێکرا بۆ پزیشکی دادوەری بەمەبەستی ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکەی و دوو تۆمەتباریش کە هەردووکیان خوشکن بە بڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەش بەردەوامە.