لەتیف رەشید: پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا زۆر باشە

K24 - هەولێر:

سەرۆک کۆماری عێراق، جەختی لە بەهێزی پەیوەندی نیوان هەرێم و بەغدا کردەوە، هیواشیخواست لە داهاتوودا پەیوەندییەکانیان زیاتر بەوەر پێشبچێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ــی ئایاری 2023) لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، لە میانەی لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24، رایگەیاند، پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا لە قۆناغێکی زۆر باشدایە و ئەو کێشانەی کە لە رابردوودا هەبوو لەنێوانیان چارەسەرکراوە.

سەرۆک کۆماری عێراق، هیواشی خواست، پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە داهاتوودا زیاتر بەرەو پێشبچێت و لێکتێگەشتن لەسەر هەموو خاڵە ناکۆکیەکاندا هەبێت.

لەتیف رەشید، گوتیشی، تا ئێمە یەکگرتوو و یەکڕیزبین، بەهێزتر دەبین لە هەموو شوێنێک، هەم لەناوخۆ و هەم لە دەروە، ئەو کات دەتوانین پلانی زیاتر پێشکەوتوو دابنێین.

سەرۆک کۆماری عێراق بۆ بەشداریکردن لە کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە رێورەسمەکەدا لە بارزان گوتارێکی پێشکەشکرد.

رۆژی (سێشەممە 4ی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی واژووکرا.