هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

بەندەری جەیهان - ئەرشیف
بەندەری جەیهان - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

وەزارەتی نەوتی عێراق دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، لە رۆژی شەممەی داهاتووەوە هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەستپێدەکات.

رۆژی پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی تورکیا ئاگادارکراونەتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە لە 13ـی ئایاری 2023ـەوە.

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمپانیای سۆمۆ، کۆمپانیای بوتاشی تورکی ئاگادارکردووەتەوە کە پرۆسەی هەناردەکردن و بارکردنی نەوت لە رۆژی شەممە (13ـی ئایاری 2023) دەستپێبکاتەوە.

وه‌زیری نه‌وتی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، واژووكردنی گرێبه‌سته‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ته‌واوبووه‌ لە رێگەی ئەو میکانیزمانەی کە کۆمپانیای سۆمۆ پشتی پێدەبەستێت، بۆ فرۆشتنی نه‌وتی خاو له‌رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركییه‌وه‌.

رۆژی (سێشەممە 4ی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە واژووکرا.