ئەمڕۆ دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام بەڕێوەدەچێت

K24 - هەولێر:

ئێوارەی ئەمڕۆ 12ـی ئایاری 2023، دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام بە بەشداری 25 کورتە فیلم و بە سپۆنسەری کۆمپانیای (لا میدیا) بەڕێوەدەچێت و سێ رۆژیش بەردەوام دەبێت.

رێبەر دۆسکی، بەڕێوەبەری فیستیڤاڵەکە لەو بارەیەوە بە کوردستان24 راگەیاند، فێستیڤاڵە هونەرییەکە دووەم خولیەتی و ئەمساڵ گرنگییەکی تایبەت بە ژن و فیلمسازانی ژن دراوە و ئامانجیان لە فێستیڤاڵەکە نیشاندانی کولتووری کورد و دروستکردنی پردی پەیوەندییە لە نێوان کۆمەڵگەی کوردی و جیهاندا.

گوتیشی: 22 فیلم بەرهەمی فیلمسازانی کوردن لەم فیستیڤاڵەدا، کە لەهەر چوار پارچەی کوردستان بەشدارن، سێ فیلمیش بەرهەمی فیلمسازیی نەتەوەی دیکەن، بەڵام چیرۆکەکانیان کوردییە، ئەمڕۆش بە فیلمی 'دەروازەی خەونەکان' لە دەرهێنانی نگین ئەحمەد دەست بە چالاکییە هونەرییەکانی ئەو فێستیڤاڵە دەکەی.

بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام راشیگەیاند، 14ـی ئەم مانگە ناوی باشترین ئەکتەر و باشترین و فیلم و دەرهێنان ئاشکرا دەکەین، کە دەبنه براوەی خەڵاتی فێستیڤاڵەکە.