فەرمی.. پێنج یاریزانی کورد بۆ مۆندیالی لاوان بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کران

هەڵبژاردەی لاوانی عێراق
هەڵبژاردەی لاوانی عێراق

پێنج یاریزانی کورد بۆ مۆندیالی لاوان 2023 بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کران، عیماد محەمەد راهێنەری هەڵبژاردەکەش لە دوایین ساتەکاندا بڕیاریدا کوڕەکەی دووربخاتەوە.

فیفا لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەکانی بۆ مۆندیالی لاوان 2023 راگەیاند کە وابڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە لە ئارجێنتینا لە شاری بۆینس ئایریسی بکرێت، لەو 21 یاریزانەی عیماد محەمەد بانگهێشتی کردوون پێنج یاریزانی کوردی تێدایە، یاریزانە کوردەکان بریتین لە عەبدولقادر ئەیوب ژمارە (8)، رۆمان دۆڵاچی ژمارە (3)، یوسف ئەمین ژمارە (10)، عومران زەکی ژمارە (13)، ئاڵای فازڵ ژمارە (2)، بەڵام هەریەکە لە موستەفا قابیل و ئیسماعیل محەمەد بەهۆی پێکانەوە دوورخرانەوە.

عیماد محەمەد کە بۆ جامی لاوانی ئاسیا بانگهێشتی محەمەدی کوڕی کردبوو بەبێ ئەوەی هیچ خولەکێک بەشداریی یارییەکە بکات، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا بۆ مۆندیالی لاوان دووریخستەوە کە بەردەوام ناوی لە لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەکە هەبوو.

عێراق لە مۆندیالی لاوان رۆژی 23ـی ئەم مانگە یەکەم یاریی خۆی بەرامبەر ئۆرۆگوای ئەنجام دەدات، دوای سێ رۆژی دیکە رووبەڕووی توونس دەبێتەوە ئینجا رۆژی 28ـی ئەم مانگە لە کۆمەڵەی پێنجەمی مۆندیالی خوار 20 ساڵان بەرامبەر ئینگلتەرا یاریی دەکات.

لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق
لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق