باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق: مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی هەڵگری پەیامە بۆ داهاتووی کوردستان

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی بە رووداوێکی گرنگ دادەنێت و دەڵێت ئەو مۆزەخانە نیشتمانییەکی کراوەتەوە، هەڵگری پەیامی داهاتوو بوو دەربارەی هەرێمی کوردستان.

گریگۆری گاڵیگان، باڵیۆزی کەنەدا لەعێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی بۆنەیەکی گرنگە، چونکە هەڵگری پەیام بوو بۆ داهاتووی کوردستان.

هەروەها گریگۆری گاڵیگان ئاماژەی بەوەشکرد، سەرباری هەماهەنگییە سەربازی و مرۆییەکان، چاویان لەوەیە لەبوارەکانی بازرگانی، پەروەردە و ژینگەش پەیوەندی لەگەڵ هەرێم دروستبکەن.

باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق گوتی، "ئەوە رووداوێکی گرنگبوو کە بەشداریمان لەکردنەوەی ئەو مۆزخانە نەتەوەیی و کلتورییە کرد، مەبەست لێی رێزلێنان بوو لە مستەفا بارزانی، رووداوەکە هەڵگری پەیامی داهاتوو بوو دەربارەی هەرێمی کوردستان، هەروەها گرنگی کارکردنی پێکەوەیی دەرخست".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گریگۆری گاڵیگان گوتیشی، "کەنەدا پابەندی زۆری لەهەرێمی کوردستان هەیە، لەگەڵ پاڵپشتی سەربازیمان بێگومان ئێمە کاری مرۆیش دەکەین. چاومان لەوەیە هەماهەنگییەکانمان بۆ بوارەکانی ژینگە و بازرگانی و پەروەردە زیادبکەین".

روونیشیکردەوە، "هەفتەی رابردوو بەشداریم لە ئیڤێنتێکی پزیشکی کرد کە کاریگەری دەبێت لەسەر وەڵامدانەوەی هەرێم بۆ ڤایرۆس و پەتاکان".