پیتەر گاڵبرێت: مەزاری مەلا مستەفا بارزانی گوزارشت لە سادەیی و خاکیبوونەکەی دەکات

K24 – هەولێر:

سیاسەتمەدار و دیپلۆماتکارێکی ئەمەریکی رایگەیاند، ئەو شوێنەی یادگەی نیشتمانی بارزانی لێ دروستکراوە، پێشتر لە قۆناغەکانی رابردوودا 16 جار سووتێنراوە، گوتیشی، هەستێکی تایبەتە لەو شوێنەدا یادگەکی نیشتمانی هەبێت و گوزارشت لە کەسایەتی و خەباتگێڕێکی گەورەی کورد دەکات.

پیتەر گاڵبرێت، سیاسەتمەدار و دیپلۆماتکاری ئەمەریکی تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، یادگەی نیشتمانی بارزانی زۆر سەرنجڕاکێشە، کە هەستێکی قووڵی مێژوویی لەلای ئەوانەوە دروست دەکات، کە سەردانی دەکەن.

پیتەر گاڵبرێت گوتیشی، ئەوەی بە لای ئەوەوە زۆر سەرنجڕاکێش بووە، بوونی سێ گومەز بووە لەناو یادگەکە، وەک هێمایەک بۆ هەرسێ ئایینی ئیسلام، کریستیان و جوولەکە. گوتیشی، مۆنۆمێنتی جینۆسایدی بارزانییەکان لە ناوچەکە بەهەمان شێوە سەرنجڕاکێش و کاریگەرە.

گاڵبرێت کاریگەربوونی خۆی بەرامبەر مەزاری مستەفا بارزانی نیشاندا و گوتی، بارزانی گۆڕ و مەزارەکەیشی گوزارشت لە سادەیی و خاکیبوونەکەی دەکات، کە ئەمەیش بۆ ئەو گەورەییە.

ئەو سیاسەتمەدار و دیپلۆماتکارە ئەمەریکییە ئاماژەی بەوە کرد، مستەفا بارزانی شۆڕشی لە دژی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق کردووە، راپەڕین و سۆڕشی لەپێناو کورد کردووە، لەم پێناوەشدا قوربانی بە خۆی داوە و ئاوارە و دەربەدەر بووە.

گاڵبرێت هەروەها گوتی، ئەو عێراقەی مستەفا بارزانی بە یاساشکێن لە قەڵەم دەدا و بە یاخیبوو ناوی دەبرد، ئێستا سەرۆکەکانی ئەو عێراقە بە شانازییەوە بەشداری لە کردنەوەی یادگە و مۆزەخانەکەی دەکەن.