ئەمەریکا: هێزی زیاتر رەوانەی کەنداو دەکەین

K24 - هەولێر

گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی رایگەیاند، هێزی پشتیوانی زیاتر رەوانەی ناوچەی کەنداو دەکەن.

جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی لە لێدوانێکدا رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند، بەهۆی هەڕەشە و هەراسانکردنی کەشتییە نەوتییەکان لەلایەن ئێرانەوە لە ناوچەی کەنداوە، ئەمەریکا هێزی پشتیوانی زیاتر رەوانەی کەنداو دەکات.

سەبارەت بەوردەکاری ناردنی هێزی زیاتری ئەمەریکا بۆ کەنداو، جۆن کێربی گوتی "لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا زانیاری زیاتر لەسەر ئەو بڕیارەی ئەمەریکا بەردەست دەبێت".

باسی لەوەشکرد، "هەموولایەک هەڕەشە دووبارە بووەکانی ئێران لەسەر کەشتییەکان دەبینین، هەر بۆیە ئەمەریکا رێگە بە هیچ هێزێک نادات ئازادی هاتووچۆکردنی دەریایی کۆتوبەند بکات، لەناویشاندا ئازادی هاتووچۆکردن لە گەروی هورمز". هاوکات، فەرماندەیی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمەریکا لە بەحرەین بڵاویکردەوە، لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکە رێککەوتوون لەسەر چڕکردنەوەی چاودێرییەکان لەسەر گەروی هورمز، چونکە خاڵێکی پشکنینی گرنگە.