ئەلمۆنیتەر: ئافرەتانی داعش لە کەمپی هۆل هەرزەکاران ناچار بە سێکس کردن دەکەن

"بە مەبەستی زیادکردنی ژمارەیان"

K24 - هەولێر

بەپێی راپۆرتێکی مەیدانی پێگەی هەواڵی ئەمەریکی ئەلمۆنیتەر، بەشێک لە ئافرەتانی توندڕەوی نێو کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان، کوڕانی هەرزەکاری نێو کەمپەکەیان ناچارکردوە کە سێکسیان لەگەڵ بکەن، بە مەبەستی زیادکردنی ژمارەی دانیشتووانییان.

راپۆرتەکە لە لایەن رۆژنامەنووس ئەمبەرین زەمانەوە ئامادەکراوە، کە بەشێوەیەکی مەیدانی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەشێک لەو کوڕانەدا کردووە، کە لەلایەن لە کۆمەڵێک لەئافرەتانەوە ناچار بە " سێکس کردن" کراون.

یەکێک لەو کوڕانە کە پێگەکە بەناوی خوازراوی (ساڵح)ـەوە ناساندوویەتی و خەڵکی بەڵکانە، ئاشکرایکردووە کە "سێکسی پێکراوە" لەگەڵ بەشێک لە ئافرەتانی بە تەمەنی نێو کەمپەکە. ئەم بابەتە سەرەتا لەلایەن مامۆستایەکی کوڕە گەنجەکەوە بۆ پێگەکە باسکراوە.

چەندین بەرپرسی ئیداری کەمپەکە ئەوەیان بۆ پێگەکە پشتڕاستکردووەتەوە کە ئافرەتانی داعش لە کەمپی هۆل کوڕانی پێگەشتوویان بەکارهێناوە بۆ ئەو مەبەستە.

نوژین دێرک، ژنە فەرماندەیەکی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بەرپرسی کەمپەکانە دەڵێت: "مەبەست لەو کارەیان زیادکردنی ژمارەی دانیشتووانی دەوڵەتی بەناو ئیسلامی (داعش)ـە".

یەکێک لەو گەنجانەی کە بۆ ئەو کارە بەکارهێنراوە هەرزەکارێکی خەڵکی سوودانە، بەپێی گێڕانەوەکانی هاورێکانی و پزیشکانی دەروونی کە لە کەمپەکە کاردەن، بەڵام ئەو گەنجە سوودانییە بەر لە مانگێک لەلایەن وڵاتەکەیەوە گەڕێنراوەتەوە بۆ وڵاتەکەی. ئەو گەنجە وەک "ئامێری سێکسی" ناوی لەنێو کەمپەکە بڵاوبووەتەوە.

بەشێک لەو هەرزەکارانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە رەتیانکردووەتەوە کە ئەو کارەیان ئەنجامدابێت.

بەپێی گوتەی بەرپرسانی کەمپەکە، کردەکە لەنێو چەند "خێوەتێکی تایبەت"دا ئەنجامدراوە لە نیوە شەودا و هەرزەکاران هەرجارە و براونەتە چەند خێوەتێک بەدوای یەکتردا.

فەرماندە سەربازییەکەی هەسەدە دەڵێ: "بەپێی زانیاریەکان، منداڵانی تازە لە دایکبوو لە لایەن دایکیانەوە دەشاردرێنەوە"، ئەو بەرپرسە پێی وایە کە ئەم کارە لەسەر فەرمانی داعش ئەنجامدەدەن.

لە دوای لە دەستەدانی دەسەڵاتییان لە سووریا لە ساڵی 2019، بە شێکی زۆر لە خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل دەستبەسەرکران. ژمارەی دانیشتوانی کەمپەکە نزیکەی 57 هەزار کەس دەبێت و %90ی ئافرەت و منداڵانی ئەو چەکدارانەن کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستگیرکراون یاخود کوژراون لە رووبەڕووبوونەوەی سەربارزییەکاندا.

کەمپی هۆل، دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر، هێزەکانی سووریای دیمەکرات (هەسەدە) پاسەوان و بەڕێوەبەری کاروباری ئەمنی کەمپەکەن.

جگە لە کەمپی هۆل، هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە) زیندانی غوێران لە پارێزگای حەسەکە بەڕێوەدەبن کە نزیکەی سێ هەزار چەکداری داعشی لەخۆ گرتووە. لە شوباتی ساڵی 2022، چەکدارانی داعش هەوڵیاندا زیندانەکە بشکێنن و گیراوانی ئازاد بکەن. لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەدا کە نزیکەی 10 رۆژی خایاند، نزیکەی 500 چەکداری داعش کوژران کە بەشێکیان گیرارانی نێو زیندانەکە بوون.

راگیراوانی کەمپەکە و زیندانانی غوەیران هاووڵاتیی 20 وڵاتی جیاوازن، کە لە نێویاندا ئەوروپی، چینی و تورک هەن. بەشێک لە وڵاتان رەتییانکردووەتەوە کە ئەو هاووڵاتییانەوە وەربگرنەوە کە پێشتر چوونەتە ریزەکانی داعش بە پاساوی ئەوەی کە بیری توندڕەوەی هێشتا بەسەریان زاڵە.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لە چەندین بۆنەی جیاوازدا هۆشداریان داوە لەو مەترسیانەی لە کەمپەکانەوە سەرهەڵدەدەن بەو پێیەی منداڵانی دانیشتووی نێو کەمپەکە لەلایەن دایکیانەوە فێری توندڕەوی دەکرێن.