پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان: پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەکەین

دلێر عەبدولخالق، ئەندام پەرلەمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان
دلێر عەبدولخالق، ئەندام پەرلەمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان

K24 - هەولێر:

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بە مەبەستی رێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد و چارەسەکردنی ناکۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان، لەو چوارچێوەیەدا پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە (13ــی ئایاری 2023)، دلێر عەبدولخالق، ئەندام پەرلەمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان، بە کوردستان24ــی راگەیاند، پێشوازی لە هەموو دەستپێشخەرییەک بۆ یەکخستنەوەی ناو ماڵی کورد دەکەن، هەروەها راشیگەیاند، دانیشتن و کۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان، پێویستە پەیوەندیدار بێت بە چارەسەکردنی کێشەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

دلێر عەبدولخالق دووپاتیکردەوە، ئەزموونی رابردوو سەلماندویەتی کە جگە لە کۆدەنگی و بەیەکەوە کارکردن، بڕوابوون بە مێزی گفتوگۆ و دانوستاندن، هیچ رێگایەکی دیکە نییە خزمەت بە ئامانجە باڵاکانی کورد بکات.

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکرد، پێشوازی لە دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی دەکەن، کە بووەتە هۆی دروستبوونی ئەو کەشە ئەرێنییەی نێوان لایەنە سیاسییەکان.

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دلێر عەبدولخالق، جەختی لەوەکردەوە، پێویستە پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پرسی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن.

باسی لەوەشکرد، نابێت هیچ پاساوێک ببێتە هۆی دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

رۆژی پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، سەرۆک بارزانی لەمیانی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و گوتی، بە دژایەتیکردنی یەکتری کەس هیچی دەستناکەوێت.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، داوای لە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد کۆببنەو بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان و ئامادەکاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان پێش 18ـی مانگ لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش.

دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانیش، هەریەکە لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و زۆربەی سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پشتیوانی و ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەربڕی.

رۆژی (26ـی ئاداری 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".

بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنیش، پەرلەمانی کوردستان، رۆژی 5ـی نیسانی 2023 تا رۆژی 12ـی نیسانی 2023، دەرگای خۆکاندیکردن بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کردەوە و رۆژی (10ـی نیسانی 2023)، هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنەکانی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوو پۆست لە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە بەتاڵی ماونەتەوە و پارتی لە پشکی خۆی بەهجەت ئاڤدەل لە جێگەی جوتیار عادل بۆ ئەنجوومەنەکە کاندید کردووە.

پێشتر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان رۆژی دەنگدان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە یەک کات دەبێت.

هەروەها رۆژی (30ـی نیسانی 2023)، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان داوایکرد، لە چەند رۆژی ئایندەدا متمانەدان بە ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستان بخرێتە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمان و بەر لە (18ـی ئایاری 2023) کە دەکاتە شەش مانگ بەر لە وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆنێکی کارا هەبێت و هیچ بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نەمێنێت.