سێ کاندید رکابەری بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەکەن

وێنەی موحەرەم ئینجە کاندیدی کشاوە لە هەڵبژاردنەکان لەسەر فۆڕمی دەنگدان نەسڕاوەتەوە
وێنەی موحەرەم ئینجە کاندیدی کشاوە لە هەڵبژاردنەکان لەسەر فۆڕمی دەنگدان نەسڕاوەتەوە

K24 - هەولێر

سێ کاندید لە رکابەرێتیدان بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردنەکە لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانێتی کۆمار و کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانێتی میللەت یەکلایی ببێتەوە.

 بەر لە کشانەوەی موحەرەم ئینجە لە رکابەرێتییەکە، ئەنجامی راپرسییەکان بەو ئاراستەیە بوو کە هەڵبژاردنەکان لە بۆ گەڕی دووەم دەمێنێتەوە، بەڵام ئێستا کەشێکی نوێ لە ئارادایە و ئەگەر هەیە هەڵبژاردنەکە لە گەڕی یەکەم یەکلایی ببێتەوە.

هەرچەندە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت، بەڵام چاوەکان زیاتر لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمارن و راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەكه‌ن كه‌ جیاوازی دەنگەکانی نێوان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو، دوو کاندیدی هەڵبژاردنەکان زۆر لە یەکتری نزیکن. دوای کشانەوەی موحەرەم ئینجە، سێ کاندید بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەکەن، راپرسییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەردۆغان یاخود کڵچدارئۆغڵو، یەکێک لەو دوو کاندیدە دەبێتە سەرۆک کۆماری داهاتووی تورکیا.

کاندیدانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا

رەجەب تەیب ئەردۆغان

-سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئاکپارتی، کاندیدی هاوپەیمانێتی کۆمارە و بۆ جاری سێیەم خۆی بۆ ئەم پۆستە کاندید کردووە. ئەو پارتانەی پشتگیری لە ئەردۆغان دەکەن بریتین لە: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، پارتی یەکێتی گەورە (بەبەپە)، پارتی یەنیدەن رەفا، پارتی چەپی دیموکرات (دەسەپە) و پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار).

-ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2014ـدا لە سەدا 51.47 و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018شدا لە سەدا 52.59ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

-ئەردۆغان ساڵی 1954 لە ئیستانبوڵ لەدایکبووە،  دەرچووی ئەکادیمی زانستە ئابوورییەکانی ئیستانبوڵە، خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە.

کەمال کڵچدارئۆغڵو

-کاندیدی هاوپەیمانێتی میللەت و سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە، بۆ یەکەم جار خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار کاندید کردووە.

-پارتەکانی وەک پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، ئیی پارتی، پارتی دەڤا، پارتی ئایندە، پارتی سەعادەت، پارتی دیموکرات، هاوپەیمانێتی رەنج و ئازادی و پارتی گۆڕانکاری تورکیا (تەدەپە) و پارتی کۆمونیستی تورکیا پشتیوانی لێدەکەن.

-کەمال کڵچدارئۆغڵو ساڵی 1948 لە دەرسیم لەدایکبووە، دەرچووی کۆلیژی زانستە ئابوورییەکانی ئەنقەرەیە، خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە.

سینان ئۆغان

-پەرلەمانتاری پێشووی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)یە و کاندیدی هاوپەیمانێتی ئاتایە.

-سەرۆک و دامەزرێنەری دەزگای لێکۆڵینەوەی تورکسام ـە.

-ساڵی 1969 لە ئیدر لەدایکبووە، توێژەر و ئەکادیمیستە، خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە.

کاتژمێر 8ی بەیانی ئەمڕۆ 14/5/2023، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 5ی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەزار و 94 بنکەی دەنگدان ئامادەکراون و لە 156 وڵات و نوێنەرایەتی تورکیا سندووقی دەنگدان دانراون، 60 ملیۆن و 697 هەزار و 843 لە دەنگدانی گشتی مافی دەنگدانیان هەیە.