بەهۆی هێرشێکی چەکدارییەوە 33 کەس کوژران

چەکدارانی بۆرکینا فاسۆ
چەکدارانی بۆرکینا فاسۆ

K24- هەولێر

بەرپرسێکی ناوخۆیی لە بورکینافاسۆ رایگەیاند، ژمارەیەک چەکدار تەقەیان لە کۆمەڵێک سەوزە فرۆش کردووە لانیکەم 33 کەسیان کوشتووە.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، بابو پیار باسینگە، پارێزگاری بۆکل دی، رایگەیاند، رۆژی 11ی ئایار، نزیکەی کاتژمێر 5:00ی ئێوارە، هێرشێکی تیرۆریستی ترسنۆکانە کرایە سەرگوندی یۆلۆ لە ناحیەی چیریبا لە ناوچەی موهون.

ئاماژەی بەوەشکرد، "چەکدارەکان هاووڵاتیانی مەدەنیان کردووەتە ئامانج کە بەدرێژایی رووبارەکە کشتوکاڵیان دەکرد، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەش گەیشتە 33 کەس.

سەرچاوە ناوخۆییەکان دەڵێن: بوونی هێرشبەرانی چەکداریان لەسەر ماتۆڕسکیلەکان پشتڕاستکردەوە کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان لەو جووتیارانە کردووە.

بورکینا فاسۆ دوو کودەتای سەربازی بەخۆیەوە بینیوە، لە ساڵەکانی 2015 و 2022 دا، بەوهۆیەوە توند و تیژی و هێرشی چەکداری زۆر بووە لەو وڵاتەوە.

بە گوتەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا بە هۆی توندوتیژییەکانەوە لە بۆرکینا فاسۆ زیاتر لە 10 هەزار کەس کوژراون، هەروەها دوو ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون.