بە ڤیدیۆ؛ یوتیوبەرێک بۆ بەدەستهێنانی بینەری زیاتر فڕۆکەیەک لە ئاسمان دەخاتە خوارەوە

دەستخستنی بینەری زیاتر یوتیوبەرێکی ئەمەریکی رووبەڕووی 20 ساڵ زیندانیکردن دەکاتەوە

K24 - هەولێر:

یوتیوبەرێکی ئەمەریکی بۆ دەستخستنی بینەری زیاتر بۆ ڤیدیۆکانی، فڕۆکەیەک تێکدەشکێنێت دواتر بۆ شاردنەوەی راستییەکان، زانیاری هەڵە بە لێکۆڵەران دەدات.

رۆژی پێنجشەمەی رابردوو، دادگایەک لە ویلایەتی کالیفۆرنیا رایگەیاند، ئەو یوتیوبەرە  بە 20 ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت، دوای ئەوەی کە دانی بە راستییەکاندا ناوە.

ترێڤۆر دانیال، جەیکۆب تەمەن 29 ساڵە و خەڵکی ویلایەتی کالیفۆرنیایە. لە تشرینی دووەمی ساڵی 2021، بە فڕۆکەکەی، کە چەندین کامێرای پێوە بەستووە، گەشتێک دەکات و دوای ٣٥ خولەک لە فڕین، بە پەڕەشوتێک خۆی هەڵدەداتە خوارە بۆ نێو دارستانێک چونکە بزوێنەرەی فڕۆکەکەی "لەکاردەکەوێت". 

دوای دوو رۆژ لە ڕووداوەکە، لێکۆڵینەوە دەستپێدەکات لەسەر تێکشکانی فڕۆکەکە. ئەو یوتیوبەرە، دوای هەڵگرتنەوەی پارچەکانی فڕۆکەکە لە شوێنی رووداوەکە و شاردنەوەییان بە هاوکاری هاوڕێیەکی دیکەی فڕۆکەوانی لە رێگەی هەلیکۆپتەرێکەوە، بە لێکۆڵەرانی راگەیاندووە کە نازانێت لەچ شوێنێکدا فڕۆکەکەی کەوتووەتە خوارەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە پێشتر ئامادەیی دەربڕیبوو کە هاوکاری پشکنەرانی بۆردی فڕۆکەوانی بکات لەسەر رووداوەکە.

دوای مانگێک لە رووداوەکە، جەیکۆب ڤیدیۆیەکی 12 خولەکی فڕینەکە و تێکشکانی فڕۆکەکەی لە پەڕەی یوتیوبەکەی دادەنێت و لەسەری دەنووسێت "فڕۆکەکەم تێکشکاند".

جەیکۆب مەبەستی بوو لە رێگەی ڤیدیۆکەوە، ریکلام بۆ کۆمپانیایەکی دروستکردنی جزدان بکات کە پێشتر رێکەوتنی لەگەڵدا واژوو کردبوون.

دوای دوو ساڵ لە لێکۆڵینەوە، هەفتەی رابردوو، جەیکۆب دان بەڕاستییەکاندا دەنێت و ئاشکرای دەکات کە ئەوکارەی بە ئەنقەست کردووە بۆ زیادکردنی بینەر بۆ ڤیدیۆکانی.

ئەو یوتیوبەرە لە هەمانکاتدا فڕۆکەوانە، بەڵام لەدوای ڕووداوەکە و ئاشکرابوونی ڕاستییەکان، مۆڵەتی فڕۆکەوانی لێسەندراوەتەوە.