ئۆپێرای مەم و زین بە زمانی کوردی لە ئەڵمانیا پێشکەشکرا
K24 – هەولێر:
فێستیڤاڵی مای شپیلە، ساڵانە بە بەشداری وڵاتانی ئەوروپا و دەیان موزیکژەنی جیهانی لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
ئەمساڵ بۆ یەکەمین جار ئۆپێرای مەم و زین وەک شاکارێکی وێژەیی شاعیری گەورەی کورد (ئەحمەدی خانی) لە کۆنسێرتێکی فراواندا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی بیانی و دەستەیەک لە موزیکژەنانی کورد لە ماڵی شانۆیی ڤیزبادن پێشکەش کرا.
ئۆپێراکە لە دەرهێنانی (ئیحسان عوسمان) و نواندنی هەریەک لە (کەڤاڵ سدقی، کریستۆف بڵێیدت)ـە و باس لە ئازارەکانی گەلی کورد دەکات.
ئیحسان عوسمان دەرهێنەری ئۆپێرای مەم و زین بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کارە هونەرییەی پێشکەشمان کرد، دەقەکەی بەناوبانگترین بەرهەمی ئەدەبی ئەحمەدی خانی شاعیرە و پێش 300 ساڵ نووسیویەتی و باس لە چیرۆکێکی دڵداری دەکات، کە لە ساڵی 1629 روویداوە و هەر لەو هۆنراوەیەشدا لە چەند دێڕێکی دیکەدا باس لە ئێش و ئازاری کورد دەکات، وەک ئەوەیە، کە بۆ ئەو سەردەمەی ئێستامان نووسرابێت یان لەگەڵ ئێمەدا ژیابێت.
گوتیشی، نمایشەکە بوو بە جێی سەرنجی میوانانی هۆڵە شانۆییەکە و هیوادارم لە ئاییندەیەکی نزیکدا جارێکی تر ئۆپێراکەم لە کوردستان نمایش بکەم.