جەهەپە: زۆر ئەرێنیی سهیری تابلۆکە دەکەین
K24 - هەولێر:
جێگری سەرۆکی گشتیی جەهەپە و گوتەبێژی پارتەکە، فایەق ئۆزتڕاک رایگەیاند، بەپێی ئەو داتایەی لە ئێستادا بەدەستیان گەیشتووە، ئەوان زۆر ئەرێنیی تەماشای تابلۆکە دەکەن و گوتی "کاتێک ژمارەی زیاتری سندوقەکانی دەنگدان کرانەوە، دەستدەکەین بە راگەیاندنی جیاوازیی ژمارەکان".
دوای ئەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە تورکیا لە کاتژمێر 18:30 دا قەدەغەی راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی هەڵگرت، ئۆزتڕاک لە ناوەندی گشتیی پارتەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازکرد.
فایەق ئۆزتڕاک باسی لەوە کرد، دەست بە کردنەوەی سندوقەکانی دەنگدان کراوە و دەرکەوتووە کە رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا لە ئاستێکی پێوانەییدایە.
جێگری سەرۆکی گشتیی جەهەپە و گوتەبێژی پارتەکە باسی لەوەشکرد، لە نزیکەوە چاودێری ئەنجامەکان دەکەن و، رایگەیاند، سوپاسی بەرپرسان و چاودێرانی سەر سندوقەکانی دەنگدان دەکەین بۆ هەوڵ و ماندووبوونەکانیان و تا بەیانی بەردەوام دەبن لەسەر کارەکانیان و بەخێرایی ئەنجامەکانمان پێدەگەیەنن.
دهشڵێت: "بەپێی ئەو داتایانەی لە ئێستادا دەست ئێمە کەوتووە، تابلۆکە زۆر بە ئەرێنیی دەبینین و داوا لە هاووڵاتییانمان دەکەین ئاگاداری روونکردنەوەکانمان بن".
باسی لهوهشكرد، "کاتێک ژمارەی زیاتری سندوقەکانی دەنگدان کرانەوە، دەستدەکەین بە راگەیاندنی جیاوازی ژمارەکان. بەردەوامبن لەسەر چاودێری کردنمان و ئاگاداری روونکردنەوەکانمان بن".
پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە کاتژمێر 8ی بەیانی تا 5ی ئێوارە بەردەوام بوو و هەزار و 94 بنکەی دەنگدان ئامادەکراون و لە 156 وڵات و نوێنەرایەتی تورکیا سندووقی دەنگدان دانراون.
لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە 28مین خولی پەرلەمانی تورکیایە 24 پارت و 151 کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشداربوون، سێ کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کێبڕکێیان كرد.
بەپێی ریزبەندی پسوولەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، موحەڕەم ئینجە، کەمال کڵچدارئۆغڵو و سینان ئۆغان وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کێبڕکێییان بوو بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، بەڵام بەهۆی کشانەوەی موحەڕەم ئینجە لە 11ی ئایاردا لەخۆکاندیدکردنی لەبەرئەوەی چاپکردن و دابەشکردنی کارتەکان تەواوبووە، ناوی هەر لەسەر کارتەکان مایهوه.
پارتەکان بە پێنج هاوپەیمانی جیا کە بریتیین لە هاوپەیمانانی "کۆمار، میللەت، ئاتا، رەنج و ئازادی و یەکێتیی هێزی سۆسیالیست" بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا كردبوو.
لە چوارچێوەیەشدا هەریەک لە ئاک پارتی، مەهەپە، بەبەپە و پارتی یەنیدەن رەفاهـ بە ناوی "هاوپەیمانی كۆمار" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا كرد.
هەر یەک لە جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی سەعادەت، پارتی ئایندە، پارتی دیموکراسیی و پارتی دیموکراسیی و پێشکەوتن و پارتی دیموکرات لە "هاوپەیمانی میللەت"-دا کۆبوونەتەوە.
هەروەها پارتی سەوز و ئایندەی چەپ (پارتی سەوزی چەپ) و پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) لەژێر ناوی "هاوپەیمانی کار و ئازادی" بەشداری لە هەڵبژاردنەكانیان كرد.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ش کە دۆسیەی داخستنی لە دادگای دەستووریی تورکیا درێژەی هەیە لە لیستی "پارتی سەوزی چەپ"دا بەشدار بوو.
هەر یەک لە پارتی زافەر و پارتی داد لەژێر ناوی "هاوپەیمانی ئاتا" و پارتەکانی دیکە وەک پارتی کۆمۆنیستی تورکیا و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیا و پارتی چەپ لەژێر ناوی هاوپەیمانی "یەکێتیی هێزی سۆسیالیست" بەشداری دەکەن