بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان ئەردۆغان لە پێش کڵچدارئۆغڵوە

هەڵبژاردنەکانی تورکیا
هەڵبژاردنەکانی تورکیا

K24 – هەولێر:

تا جیاکردنەوەی رێژەی 54%ــی دەنگەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، دەنگەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بە رێژەیەکی بەرچاو لە پێش دەنگەکانی کەمال کڵچدارئۆغڵووە دێت.

میدیاکانی تورکیا رێژەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی وڵاتەکەیان بڵاودەکەنەوە کە تاوەکو ئێستا ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و ئاکپارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە پێشەوەن.

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان تا جیاکردنەوەی رێژەی 54%ـی دەنگەکان، ئەردۆغان بە بەدەستهێنانی 51.9% دەنگی یەکەمە و کڵچدارئۆغڵو بە رێژەی 42.3%ـی دەنگەکان لە دواوەیە و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا رێژەی 5.3%ـی دەنگەکانی مسۆگەرکردووە.

لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە شارەکانی باکووری کوردستان کە رێژەی دەنگی هەدەپە بەرزە توانیویەتی بەشێوەیەکی بەرچاو لە پێشەوەی دەنگەکانی ئەردۆغانەوە بێت، بەتایبەتی لە شارەکانی دیاربەکر و وان و ماردین و سیرت و ئاگری و شارەکانی دیکە. هەروەها لە شارەکانی ئیزمیر و ئەنتاڵیا و مێرسین و موغلا کە بنکەی جەماوەی جەهەپە فراوانە، کڵچدارئۆغڵو بە رێژەیەکی زۆر لە پێشەوەی ئەردۆغان دێت.

هەروەها رەجەب تەیب ئەرۆغان لە شارەکانی ناوەڕاستی تورکیا، بەتایبەتی ئەو شارانەی کە بنکەی جەماوەی ئاکاپارتی فراوانە، دەنگێکی زۆری بەدەستهێناوە و لە پێشەوەی کڵچدارئۆغڵو دێت، بەتایبەتی کۆنیا و ئەرزەرووم و کوتاهیە و سیڤاس و قەیسەری. هاوکات بەرێژەیەکی کەمیش لە پارێزگا گەورەکانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە و بورسا ئەردۆغان دەنگی یەکەمی هێناوە.

لە راگەیەندراوێکدا ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا کۆتایی هاتووە و هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەدا تۆمارنەکراوە.

هەرچەندە تائێستا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە فەرمی ئاماری بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی تورکیای ئاشکرانەکردووە، بەڵام میدیاکانی ئەو وڵاتە باس لەوە دەکەن، کە رێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتییان گەیشتووەتە 88%.

رۆژی یەکشەممە (14ـی ئایاری 2023)، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو.

پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە کاتژمێر 8ی بەیانی تا 5ی ئێوارە بەردەوام بوو و هەزار و 94 بنکەی دەنگدان ئامادەکراون و لە 156 وڵات و نوێنەرایەتی تورکیا سندووقی دەنگدان دانراون.

لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە 28مین خولی پەرلەمانی تورکیایە 24 پارت و 151 کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشداربوون، سێ کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کێبڕکێیان كرد.

بەگوێرەی یاساکانی ئەو وڵاتە، ئەگەر هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکان زیاتر لە 50%ـی دەنگەکانی بەدەستنەهێنا، ئەوا لە 28ـی ئەم مانگە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لەنێوان ئەو دوو کاندیدەی بەڕێوەدەچێت کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە.

کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار و کەمال کڵچدارئۆغڵو لە هاوپەیمانی میللـەت هەیە بۆ گەیشتن بە کۆشکی چانکایە و دانیشتن لەسەر کورسی سەرۆکایەتی تورکیا بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو.

زۆرینەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا پشتیوانی لە کڵچدارئۆغڵوی سەرۆکی جەهەپە دەکەن لە رکابەرییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە لە هاوپەیمانی شەش لایەنەکە بەناوی "میللـەت" کۆبوونەتەوە کە دواتر هەدەپەش پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕی. لەبەرامبەردا، ئەکپارتی و هاوپەیمانەکانی سوورن لەسەر هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان لە پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا.

دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدانیش، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر رایگەیاند بەشێوەیەکی دیموکراسییانە پڕۆسەی هەڵبژاردن کۆتاییهات و ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێستا کاتی ئەوەیە وەک هەمیشە ئاگاداری سندوقەکانی دەنگدان بین و تا یەکلاییبوونەوەی ئەنجامەکان، بەردەوامبین لە پاراستنی ئیرادەی گەلەکەمان".

لەلایەن خۆشیەوە، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە تویتێکدا داوای لە چاودێرانی بنکەکانی دەنگدان کردووە، سندووقەکانی دەنگدان بەجێنەهێڵن تاوەکو کۆتایی هاتنی تەواوی پرۆسەکە.