پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان سەرنجی بیانییەکان رادەکێشێت

kurdistan24.net

K24 - هەولێر:

کریستانەکانی دهۆک وەک نەریتێکی ساڵانە، گەشتێکیان بۆ ناو سروشت رێکخست، تێیدا کۆمەڵێک هاووڵاتی بیانی لەو گەشتەدا بەشداربوون، پێکەوەژیان و سەقامگیری هەرێمی کوردستانییان بە گرنگ وەسفکرد، هەروەها دڵخۆشبوون بە گەشتەکەیان.

ساڵانە لە مانگی گوڵاندا کریستانەکانی پارێزگای دهۆک ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی سەیرانێکی بە کۆمەڵ، بۆ ئەمساڵ دەرگای خۆیان بۆ کریستانەکانی بیانی کردەوە.

بە گوتەی هاووڵاتییە بیانییەکان، کوردستان ‌وڵاتێکی ئارام و شوێنی پێکەوەژیانە، هەروەها زۆر دڵخۆشن بە گەشتەکەیان بۆ کوردستان و ناوچە گەشتیارەکانیان زۆر بە سەرنج راکێش وەسفکرد.

هەروەها باسیان لەوەکرد، خەڵکی دهۆک زۆر میوان دۆستن و دەرگای خۆیانییان بۆ کردونەتەوە، هەروەها گەشتیاران هیوادەخوازن لە داهاتوودا بتوانن دووبارە سەردانی کوردستان بکەنەوە.