هەولێر؛ پڕۆژەی دروستکردنی شێڵتەرێک بۆ سەگی بێلانە لە قۆناغی کۆتاییدایە

پڕۆژەی دروستکردنی شێڵتەرێک بۆ سەگی بێلانە لەسەر رووبەری 20 دۆنم زەوی لە هەولێر | وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24
پڕۆژەی دروستکردنی شێڵتەرێک بۆ سەگی بێلانە لەسەر رووبەری 20 دۆنم زەوی لە هەولێر | وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24

K24 - هەولێر

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پڕۆژەی دروستکردنی شێڵتەرێک بۆ سەگی بێلانە لەسەر رووبەری 20 دۆنم زەوی لە سنووری ئەو پارێزگایە، لە قۆناغی کۆتاییدایە. 

ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی ئایاری 2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژەی دروستکردنی شێڵتەری سەگی بێلانە بە گوژمەی 455 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر لەسەر رووبەری 20 دۆنم زەوی ماوەیەکە دەست بە دروستکردنی کراوە و لە قۆناغی کۆتاییدایە.

پارێزگاری هەولێر روونیشیکردەوە، وەکو یەکەم پارێزگای هەرێمی کوردستان دەستیان بە دروستکردنی ئەو شێڵتەرە کردووە و هیواشی خواست پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش دەست بە دروستکردنیی بکەن، چونکە وەکو خۆی گوتی، کێشەکە تەنها لە سنووری هەولێر بوونی نییە، بەڵکوو هەموو هەرێمی گرتووەتەوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی هەینی 7ــی نیسانی 2023، مەمەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەگە بێلانەکان پەلاماری خەڵک دەدەن و دەبنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ژیانیان، هەروەها نەخۆشی هاری لە رێگەی گەستن بڵاودەکەنەوە و نەخۆشی تورەگەی ئاوی لە رێگەی سەوزە و میوە بڵاودەکەنەوە، کە لە کوشتارگەکاندا هەستی پێدەکرێت.

بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر گوتیشی، بە مەبەستی سنووردارکردنی هەڕەشەی ئەو سەگە بێلانانە، پارێزگای هەولێڕ پڕۆژەیەکی راگەیاندووە، کە 20 دۆنم زەوی تەرخان دەکرێت بۆ کۆکردنەوەیان لە شێڵتەرێکی تایبەت بە سەگە بێلانەکان.

مەمەند محەممەد، ئەوەشی روونکردەوە، رۆژانە ئەو سەگانەی کە دەستگیردەکرێن لەلایەن تیمەکانی شارەوانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی ڤێرتەرنەری دەگوازرێنەوە بۆ شێڵتەر، لەوێدا کرداری نەشتەرگەریان بۆ ئەنجامدەدرێت بۆ پەکخستنی توانای زاوزێکردنیان و نەزۆک خستنیان.