لە کەرکووک نەبوونی سەنتەری تایبەت بە نەخۆشی تالاسیمیا تووشبووانی نیگەرانکردووە

kurdistan24.net

K24 - کەرکووک:

لە شاری کەرکووک سەنتەرێکی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشی تالاسیمیا بوونی نییە و لە نەخۆشخانەی ئازادی ئەو شارە 20 قەرەوێڵە بۆ سەرجەم تووشبوانی ئەم نەخۆشییە تەرخانکراون.

بەشێک لە تووشبوانی نەخۆشی تالاسیمیا لە کەرکووک بە کوردستان24ــیان راگەیاند، نیگەرانن لە نەبوونی شوێنی پێویست بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەیان، وەک خۆشیان دەڵێن، بەدەر لە نەخۆشخانە بەدەست نەبوونی دەرمانی پێوێستی ئەم نەخۆشییە لە نەخۆشخانەکان بارودۆخی نەخۆشییەکەیانی سەختر کردووە.

هەروەها راشیانگەیاند، داواکارن سەنتەرێکی تایبەت بە چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە دروستبکرێت و دەرمانی پێویستیشیان بۆ دابین بکرێت.

بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکووک، مانگانە بە لایەنی کەمەوە پێنج تووشبووی نوێ تۆماردەکرێن و لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 40 توشبووی نوێی تالاسیمیا تۆمارکراون، هەروەها لە سەرتاسەری شاری کەرکووک 1189 توشبووی نەخۆشی تالاسیمیا بوونی هەیە.