بەریتانیا پشتیوانی خۆی بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە دووپاتدەكاتەوە

پێشمەرگەی کوردستان
پێشمەرگەی کوردستان

K24 - هەولێر:

بەریتانیا وەک یەکێک لەو وڵاتانەی کە بنەما 35 خاڵییەکەی چاکسازی  وەزارەتی پێشمەرگەی داناوە، بەڵێنی بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپاتدەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەمە (15ــی ئایاری 2023)، عوسمان مەحەمەد، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە کوردستان24ــی راگەیاند، هاوکارییەکانی بەریتانیا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە سەرەتای هاتنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە بۆ کوردستان دەستی پێکردووە، لە سەرەتادا با هاوکاری لۆجستیکەکان دەستیان پێکرد، ئەویش بە ناردنی چەند جۆرێکی چەک و تەقەمەنی دەستیانپێکرد.

هەروەها رایگەیاند، لە بواری راهێناندا بەریتانیا چەندین یەکەی مەشقی جیوازیان لە بنکەکانی مەشقی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە کردووەتەوە و لە بواری راهێنانی ناوشار بە هێزەکانی پێشمەرگە رۆلێکی باشیان بینیوە، هەروەها بەریتانیا و تیمەکانییان و ئەفسەرانی راوێژکاریان لە وەزارەتی پێشمەرگە لە پڕۆسەی چاکسازی وەزارەتەکەدا رۆڵێکی چالاکییان هەبووە.

هاوکات ئەمڕۆ دووشەممە (15ــی ئایاری 2023)، رۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر له‌ میانه‌ی پێشكه‌شكردنی گوتارێك رایگەیاند، پشتیوانی لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین و لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە هەماهەنگیدا دەبین لەبواری بە دیجیتاڵکردن و چاکسازی دارایی.

گوتیشی: "ئێمە ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی داعشین و هاوکاری هێزی پێشمەرگە دەکەین و هاوکاری چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەبین".

کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ بەریتانیا گرنگن و بەردەوام لە هەوڵداین بۆ دڵنیاییدان بە ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکە، لە بواری ئابووریش سەرنجمان لەسەر ئەوەیە کۆمپانیای زیاتری بەریتانیا بهێنینە ناوچەکە بۆ بووژاندنەوەی ئابووری".

سەبارەت بە ئاسایشی ناوچەکە كه‌یڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد: "وەک دەزانن ئێمە ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی داعشین و هاوکاری هێزی پێشمەرگە دەکەین و هاوکاری چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەبینن".

ده‌شڵێت: "لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەماهەنگیدا دەبین لەبواری بە دیجیتاڵکردن و چاکسازی دارایی". 

پێشتریش كه‌یڤ پاڵپشتیكردنی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپاتكردبووه‌وه‌ و گوتبووی، "به‌ریتانیا به‌رده‌وامده‌بێت له‌ پێشكه‌شكردنی راوێژ و پشتیوانی بۆ پێشمەرگە".