منداڵێکی کورد لە داغستانەوە دەگەڕێندرێتەوە رانیە
K24 - رانیە:
دوای ئەوەی مینا لەگەڵ دایک و باوکی گەشت دەکەن بۆ رووسیا، لە رێگەی کۆچکردنیان بۆ ئەوروپا دەستگیردەکرێن و مینا لە دایک و باوکی جیادەکرێتەوە و لە خانەی بێسەرپەرشتان دەهێڵدرێتەوە، دواتر کەسوکارەکەی دەیگەڕێننەوە بۆ رانیە.
ئەمڕۆ دووشەممە (15ــی ئایاری 2023)، مامی منداڵەکە بە کوردستان24ــی راگەیاند، "دایک و باوکی مینا هەڵخەڵەتێندران بەهۆی ئەوەی بەڵێنیان پێدرابوو ڤیزایان بۆ وەربگرن و بە فەرمی بچنە ئەو وڵاتە و توشی کێشە نەبن"، هەروەها بڕیاربوو بچن بۆ بیلارووسیا لەوێوە بۆ پۆڵەندا و دواتر بۆ ئەڵمانیا.
لەبارەی وەرگرتنەوەی مینا، عەبدولواحید، مامی مینا، ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی جێبەجێکردنی رێکارەکانی پێدانی ڤیزا و داواکاری بۆ گەڕانەوەی مینا، چووەتە رووسیا و مینای هێناوەتەوە بۆ رانیە.
هەروەها راشیگەیاند، منداڵەکە کوردی لەبیرچووەتەوە و بە رووسی قسەدەکات، باسی لەوەشکرد، بەهۆی تەواوبوونی ڤیزاکە نەیتوانی دایک و باوکی مینا ببینێت کە ئێستا لەو وڵاتە دەستگیرکراون.
عەبدولواحید، مامی مینا، دەڵێت: عێراق دەتوانێت کار لەسەر گەڕاندنەوەی دایک و باوکی ئەو منداڵە بکات، چونکە بابەتەکە پەیوەستە بەوان، ئەوەی تایبەت بێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆیان داوە لەو پرسە و درێغییان نەکردووە.