حەوت کۆمپانیای ئەمەریکی داوا دەکەن لە مایەپووچبوون بپارێزرێن

کۆشکی سپی
کۆشکی سپی

K24- هەولێر

لە ماوەی کەمتر لە 48 کاتژمێردا، حەوت کۆمپانیای ئەمەریکی داوای پاراستنی مایەپووچبوونیان کرد، کە لە نێویاندا کۆمپانیای بەناوبانگی ڤایس میدیای تێدایە.

بەپێی ئاژانسی بلومبێرگ، لە ساڵی 2008ـەوە، ئەو ساڵەی کە بە قەیرانی ئابووری جیهانی بەناوبانگ بوو،  ئەو ژمارە زۆرترینە کە لە ماوەی 48 کاتژمێردا پێشکەش کراوە.

تۆمارکردنی داواکاری بۆ پاراستنی مایەپووچبوون لە کاتێکدایە کە کۆمپانیاکان بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی سوود لە جیهاندا تووشبوون.

گرووپی میدیایی "ڤایس"ی ئەمەریکی مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند، بەهۆی دابەزینی داهاتی ریکلامەکانییەوە.

رۆژی دووشەممە، کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمەڵەیەک لەنێویاندا گرووپی فۆرترێس ئینڤێستمەنت کە قەرزدەری سەرەکی کۆمپانیای ڤایسە، پێشنیاری کردووە بە بڕی 225 ملیۆن دۆلار کۆنترۆڵی گرووپی میدیایی بگرێتە دەست.

گرووپی ڤایس میدیا کە لە ساڵی 2017 بەهاکەی 5.7 ملیار دۆلار بووە، بە 25 زمان بەرهەمەکانی پێشكەش دەکات و زیاتر لە 30 ئۆفیسی لە سەرانسەری جیهان هەیە.