ژینگەدۆستێک دوای چاوپێکەوتنی لە کوردستان24 خەڵاتکرا

K24 – هەولێر

رانیا ئەدیب، بەهرەمەند و ژینگە دۆست، دوای ئەوەی لە بەرنامەی بەیانی24ی میوانداری کرا لەبارەی نووسینی کتێبێک لەسەر ژینگە لەلایەن فەرمانگەی ژینگەی هەولێر خەڵاتکرا.

رانیا تەمەنی 13 ساڵە و قوتابییە، بە کوردستان24ی گوت: "زۆر لەبارەی ژینگەوە پرسیارم دەکرد تا وەڵامەکانم دەست دەکەوت، بۆیە بیرم لەوەکردەوە دەبێ خەڵکیش وەکو من چەند پرسیار بکەن بۆ دەستکەوتنی هەر وەڵامێک، بۆیە بڕیارمدا ئەو زانیاریانەی لەسەر ژینگە دەستم کەوتووە بیکەم بە کتێب و بڵاوی بکەمەوە".

دەشڵێت: "لە منداڵییەوە حەزم لە خوێندنەوە و نووسین بوو، چونکە دایک و باوکم لە ماڵەوە کتێبیان دەخوێندەوە، جگە لەوەش لە قوتابخانە راهاتبووم لەوەی کە ژینگە بپارێزم".

لە وەڵامی ئەوەی کە بۆچی کتێبەکەی بە زمانی ئینگلیزی نووسیوە؟ رانیا گوتی: "کێشەی ژینگە کێشەیەکی جیهانییە و تەنیا کێشەی کوردستان نییە، بۆیە پێم باش بوو کتێبەکە بە زمانی ئینگلیزی بنووسم، جگە لەوەش من لە منداڵییەوە بە زمانی ئینگلیزی دەخوێنم و ئەو سەرچاوانەی کە وەڵامەکانم لەبارەی ژینگە لێ دەستکەوتوون هەمووی سەرچاوەی ئینگلیزین، سەرچاوە بە زمانی کوردی کەمە، ئەگەر بە زمانی کوردی کتێبەکەم نووسیبا رەنگە پێنج ساڵی تر ئامادە بووایە".