مۆسکۆ: مووشەکی کینجاڵی رووسی دژە مووشەکی پاتریۆتی ئەمەریکی کردووەتە ئامانج

مووشەکی کینجاڵی رووسیا
مووشەکی کینجاڵی رووسیا

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، مووشەکی هایپەرسۆنیکی "کینجال"ی رووسی لە کیێڤ بەر سیستەمی دژە مووشەکی پاتریۆتی ئەمەریکی کەوتووە.

وەزارەتی بەرگری رووسیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: مووشەکی هایپەرسۆنیکی کینجال، کە خێراییەکەی لەسەرووی دەنگەوەیە بە لێدانێکی زۆر ورد، سیستەمی  دژە مووشەکی پاتریۆتی ئەمەریکی لە شاری کیێڤ کرددوەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەوی سێشەممەدا، هێزە چەکدارەکانی رووسیا هێرشێکی چڕیان بە چەکی دوور مەودا، لە رێگەی ئاسمانی و دەریاییەوە دەستپێکرد، لە هێرشەکەدا خاڵەکانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا و شوێن و کۆگاکانی هەڵگرتنی تەقەمەنییان کردە ئامانج، هەروەها لە کیێڤی پایتەخت کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی MIM-104 پاتریۆت تێدایە، شایەتحاڵەکان گوێیان لە تەقینەوەیەکی گەورە بووە لە شوێنی سیستەمی پاتریۆت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگری رووسیا پێشتر ئەو تۆمەتانەی رەتکردبوویەوە کە سیستەمی "پاتریۆت"ی ئەمەریکی توانیویەتی مووشەکی "کینجال"ی هایپەرسۆنیکی رووسی بخاتە خوارەوە.

پاتریک ریدەر، سەرۆکی دەزگای راگەیاندنی پێنتاگۆن،  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئۆکرانیا مووشەکێکی "کینجال"ی رووسی بە هۆی سیستەمی بەرگریی مووشەکی پاتریۆت خستە خوارەوە.