کەسوکاری ئەنفالکراوان لە نوگرە سەلمان چیرۆکە تراژیدیەکان دەگێڕنەوە

kurdistan24.net

K24 - نوگرە سەلمان

‎كەسوكاری ئەنفالكراوان لە گەرمیانەوە بۆ بەسەركردنەوەی رووفاتی كەسوكارەكانیان سەردانی بیابانەكانی سەماوەیان لە باشووری عێراق كرد و چوونە گرتوخانەی نوگرە سەلمان، لەوێ چیرۆكی تراژیدیا دەگێڕنەوە.

‎لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، رژێمی بەعسی لەناوچوونی عێراق، هەزاران پیر و گەنج و منداڵی كوردی بەرەو دۆزەخی بیابان راپێچ كرد و خستنییە گرتووخانەی نوگرە سەلمان، پاشان پۆل پۆل بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان نێردران.

نوگرە سەلمانە، شوێنی لەدایكبوونی دەیان چیرۆك و مردنی لەسەرخۆی هەزاران مرۆڤی كوردە، رۆژی 16/5/2023، کەسوکار و رزگاربووانی ئەنفال بۆ یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی کەسوکاریان و سەردانی رووفاتەکانیان چوونە نوگرە سەلمان، لەوێ شیوەنیان گێڕا و بە شانۆی یادوەرییە تاڵەکانی ئەوێ رۆژێیان پێشکەش کرد.

رێباز عەزیز، رزگاربووی ئەنفالە ئەوکاتە لەگەڵ کەسوکاری براوەتە گرتووخانەی نوگرە سەلمان منداڵ بووە، ئەو چیرۆکە تراژیدیاکانی ئەوسا دەگێڕێتەوە و دەڵێ: "رۆژانە لەگەڵ منداڵەکانی تر پێشبڕکێی کوشتنی ئەسپێمان دەکرد، چونکە گیانمان پڕبوو لە ئەسپێ".

عایشە جەبار، یەکێکی دیکەیە لە رزگاربووانی ئەنفال باس لەوە دەڵێت: "لە نوگرە سەلمان کۆیان دەکردینەوە دەیان گوت بەنزین دەکەین بە گیانتان و دەتان سوتێنین، چونکە ئێوە کەسوکاری پێشمەرگەن".

‎رژێمی بەعس بەهەشت قۆناغ و لەژێر ناوی ئەنفال 182 هەزار مرۆڤی كوردی دوای زیندانیكردن و ئەشكەنجەدانیان زیندە بەچاڵكرد. لە نزیك گرتووخانەی نوگرە سەلمان و بیابانەكانی سەماوە زیاتر لە سەد گۆڕی بە كۆمەڵ هەن، كە هەزاران روفاتی ئەنفالكراوانی كوردی تێدایە.