کیم جۆنگ ئون یەکەم مانگی دەستکردی سیخوڕی کۆریای باکوور بەسەردەکاتەوە
K24 - هەولێر:
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور لە نوێترین دەرکەوتنیدا لەگەڵ کچەکەی یەکەم مانگی دەستکردی سیخوڕی وڵاتەکەی بەسەردەکاتەوە.
ئاژانسی هەواڵی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون پێش ئەوەی مانگە دەستکردەکە بەسەر بکاتەوە و پشکنینی بۆ بکات، لەگەڵ لیژنەی بەپرس لە هەڵدانی مانگە دەستکردەکە کۆبووەتەوە.
ناوەڕاستی مانگی رابردوو، سەرۆکی کۆریای باکوور تەواوبوونی کارەکانی مانگە دەستکردەی راگەیاند و فەرمانی کرد، لە ماوەیەکی نزیکدا رەوانەی بۆشایی ئاسمان بکرێت.
رەوانەکردنی مانگی دەستکرد لەلایەن کۆریای باکوورەوە هاوکاتە لەگەڵ تاقیکردنەوەی مووشەکە بالیستییەکانی سوپای ئەو وڵاتە کە شرۆڤەکاران پێیان وایە، پەیوەندییەکی تەکنیکی بەرچاو لە نێوان پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی کیشوەربڕ و توانای هەڵدانی مانگی دەستکرد بۆ بۆشایی ئاسمان هەیە.
لە ماوەی رابردوودا کیم جۆنگ ئون ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و حکومەتی کۆریای باشووری بەوە تۆمەتبار کرد کە دژی کۆریای باکوور " مانۆڕی رووبەڕووبوونەوە" دەکەن و ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی مافی بەرگریکردنی لە خۆی هەیە.