کۆشکی سپی باری نائاسایی لە عێراق درێژكرده‌وه

باڵەخانەی کۆشکی سپی | وێنە: AP
باڵەخانەی کۆشکی سپی | وێنە: AP

K24 - هەولێر

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، بڕیاری درێژکردنەوەی باری نائاسایی نیشتمانی پەیوەست بە دۆخی عێراق واژۆ ده‌كات.

كۆشكی سپی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكردووه‌، هێشتا ئاستەنگ لەبەردەم ئاوەدانکردنەوە له‌ عێراق و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی وڵات و پەرەپێدانی دامەزراوە سیاسی و ئیداری و ئابوورییەکان هەیە.

كۆشكی سپی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، ئەم ئاستەنگانە مەترسییەکی نائاسایی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی عێراق و ئەمەریکا دروست ده‌كه‌ن، بۆیە پێویستە بەردەوامی بەو باری نائاسایی نیشتمانییە بدرێت کە بەپێی فەرمانی جێبەجێکردنی 13303 سەبارەت بە سەقامگیری عێراق راگەیەندراوە.

بڕیارنامەی 13303 سەبارەت بە عێراق لە ساڵی 2003 لەسەردەمی جۆرج بوش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا دەرچووە كه‌ تێیدا هەناردەکردنی هەندێک کەلوپەلی تایبەت قەدەغە دەکات، جگە لە سزادانی كه‌سایه‌تی و قه‌واره‌كان.