پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتیی و خانەنشینی کرێکاران تاوتوێ دەکات

باڵه‌خانی پەرلەمانی عێراق
باڵه‌خانی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە، دانیشتنی ئاسایی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت و لە میانیدا دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتیی و خانەنشینی کرێکاران تەواو دەکات.

دوێنێ سێشەممە، فەرمانگەی راگەیاندن لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا کارنامەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی بڵاوکردەوە.

بەپێی کارنامەکە، دانیشتنەکەی ئەمڕۆ یەک تەوەر لەخۆدەگرێت کە ئەوەیش تایبەتە بەتەواوکردنی دەنگدان لەسەر ماددەکانی پرۆژەیاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتیی و خانەنشینی کرێکاران.

رۆژی 10ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانی دانیشتنی ئاسایی خۆیدا لە ‌کۆی 110 ماددەی‌ پڕۆژەیاساکە، 35 ماددەی پەسەند کرد و چاوەڕان دەکرێت لە میانی دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، 75 ماددەکەی دیکەی پرۆژەیاساکە پەسەند بکات.

پێشتر سەنا موسەوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، لەچوارچێوەی بوودجەی گشتییدا، 600  ھەزار خێزان یاسای پاراستنی کۆمەڵایەتیی دەیانگرێتەوە.

ھەروەھا ستار دەنبوس، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق رایگەیاندبوو، زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 ھەزار کرێکار لە عێراق تۆمار کراون و لەو ژمارەیە، تەنھا 650 ھەزاریان دەستەبەر کراون.