وەزارەتی کشتوکاڵ بەشێوەی قیست ئامێر بۆ جوتیاران دابین دەکات

K24 - هەولێر

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت، ئامێر و کەلوپەلی کشتوکاڵی بە قیستی درێژخایەن بۆ جوتیاران دابین دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە؛ دابینکردنی ئامێر و کەلوپەلی مۆدێرنی کشتوکاڵی، ئاودێریی و ئاژەڵداریی، هەنگاوێکی گرنگیی وەزارەتی کشتوکاڵە و بە هەماهەنگیی کەرتی تایبەت، بەشێوازی قیستی درێژخایەن وەک سەرچاوەیەکی هاندان و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی سێکتەری کشتوکاڵ، بە جوتیاران دەدرێت.

لە راگەیەنداراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، لەبارەی دابینکردنی ئامێر و کەلوپەلی مۆدێرنی کشتوکاڵی، وەزارەتی کشتوکاڵ چەند بڕیارێکی دەرکردووە، لەوانە:

یەکەم: ئەو کۆمپانیایەی کە لە پارێزگای سلێمانی ئامێر و کەلوپەلەکان دابین دەکات، لقی لەو سنوورە نییە و کۆمپانیاکە لەگەڵ بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کشتوکاڵیی سلێمانی، گەرمیان، ڕاپەرین هەماهەنگی دەکات و زنجیرەیەک سیمینار دەکات و زانیاریی بەکارهێنانی ئامێر و کەلوپەلەکان بە جوتیاران دەدات.

دووەم: بە هیچ جۆرێک سوو ناچێتە سەر بڕی ئەو قیستەی کە جوتیارەکان بە بانکی دەدەن، لەبەر ئەوەی بانکێکی ئیسلامییە و رێککەوتن کراوە کە سوو نەخرێتە سەر کڕینی ئامێرەکان.

سێیەم: ئەم جوتیارانەی کە ناوی خۆیان لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ تۆمار کردووە، دەتوانن لەدوای ئەنجامدانی ئەو سیمینارانە بە بەرچاوڕوونی زیاترەوە نوسراو وەربگرن لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵیی پارێزگاکان و ئاراستەی بەرێوەبەرایەتیی گرێبەستەکان لە دیوانی وەزارەت بکرێت، تاوەکو کارەکانیان بۆ تەواو بکرێت لەگەڵ کۆمپانیاکە.

چوارەم: ئەو ئامێرەی کە بڕیارە بۆ جوتیاران دابین بکرێت لە وڵاتی ئیتالیاوە هێنراوە و بۆ هەر سێ بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵیی سلێمانی، گەرمیان و راپەرین نموونەیەکی ئامادە دەکرێت و نیشانی جوتیاران دەدرێت بۆ ئەوەی ئاشنایەتیی زیاتریان لەبارەی ئامێرەکانەوە هەبێت.