بە ڤیدیۆ؛ مەغریب بەرھەمھێنانی یەکەم ئۆتۆمبێلی ھایدرۆجینی راگەیاند

بەرھەمھێنانی یەکەم ئۆتۆمبێلی ھایدرۆجینی لە مەغریب راگەیەندرا | وێنە: Moroccan Royal Palace
بەرھەمھێنانی یەکەم ئۆتۆمبێلی ھایدرۆجینی لە مەغریب راگەیەندرا | وێنە: Moroccan Royal Palace

K24 - هەولێر

لە رێوڕەسـێکی تایبەتدا، مەغریب بەرھەمھێنانی یەکەم ئۆتۆمبێل کە بە ھایدرۆجین کار دەکات راگەیاند.

ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی مەغریب بڵاوی کردووەتەوە، بەسەرۆکایەتی شا محەمەدی شەشەم لە شاری رەبات، رێوڕەسمێک بۆ نمایشکردنی نموونەی یەکەم ئۆتۆمبێل کە بە ھایدرۆجین کار دەکات و لەلایەن ھاوڵاتییەکی مەغریبیەوە پەرەی پێدراوە، رێکخراوە.

ئاماژەی بەوەیشداوە کە نمایشکردنی ئۆتۆمبێلەکە، براندی "لە مەغریب دروستکراوە" بەھێز دەکات و دەبێتە مایەی پاڵپشتی بۆ پێگەی شانشینی مەغریب وەک پلاتفۆرمێکی پێشبڕکێکار لە بەرھەمھێنانی ئۆتۆمبێلدا.

راشیگەیاندووە ئەم ئۆتۆمبێلە لەلایەن کۆمپانیای "New Motors" دروستکراوە کە خەرجی دروستکردنەکەی لەلایەن مەغریبەوە دابین کراوە و نموونەی ئۆتۆمبێلی ھایدرۆجینی "NamX" یە کە ناوی ئۆتۆمبێلی ھایدرۆجینی "HUV Hydrogen Utility Vehicle"ی لێنراوە.


بۆ بینینی ڤیدیۆکە کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە


کۆمپانیای "New Motors"، یەکەیەکی پیشەسازیی لە شاری عەین عەودە باشووری شاری رەبات بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل دامەزراندووە.

باسی لەوەش کردووە، پەیکەری دەرەوەی ئۆتۆمبێلەکە بە ھاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای بەناوبانگی دیزاینی ئیتاڵی کە تایبەتمەندە بە کاری دیزاینی پەیکەری ئۆتۆمبێلەکانی (پینینفارینا) دیزاینی بۆ کراوە، ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن ھاووڵاتییەکی مەغریبیەوە دیزاینی بۆ کراوە.

ساڵانە لە مەغریب 700 ھەزار ئۆتۆمبێل بەرھەم دەھێندرێن کە لەسەدا 90ی ھەناردەی وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە دەکرێن.