بەوێنە..لە میسر گۆڕێک دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە

وێنەی بردی گۆڕەکە
وێنەی بردی گۆڕەکە

K24 - هەولێر

کۆمەڵەی شوێنەواری میسر، لە ناوچەی گۆڕستانە کۆنەکان لە قاهیرە پارچە بەردێکیان دۆزیوەتەوە کە تەمەنی زیاتر لە هەزار ساڵە، هەروەها نووسینێکی بە رێنووسی کوفیکی کۆن لەسەر نووسراوە.

د. مستەفا سادق، ئەندامی کۆمەڵەکە بە ماڵپەڕی حورەی راگەیاند: "چووینە ناو یەکێک لە حەوشەکانی ناوچەی گۆڕە بەناوبانگەکانی ئیمامی شافیعی، شوێنەکەش پڕ بوو لە داروپەردوو، کە  پەرش و بڵاو بووەوە لەوێدا پارچەیەکی جیاواز کە دەکەوێتە ناو بەشێک لە دیوارێکەوە سەرنجی ئێمەی راکێشا.

سادق، گوتیشی: "کاتێک بە وردی سەیریمان کرد بۆمان دەرکەوت کە لە راستیدا پارچەیەکە کە هەندێک نووسراوی تێدایە، ئێمە تێینەگەیشتین، چونکە بە چینێکی چیمەنتۆ داپۆشرابوو، دوای پاککردنەوەی پارچەکە بە وردی و لابردنی پارچە چیمەنتۆکانی سەری، نووسینەکەی بەدیار کەوت".

دەشڵێت: "ئەو پارچەیەی کە دۆزیمانەوە بەردی گۆڕی ژنێکە کە لە ساڵی 229 یان 221ی کۆچی، واتە لانیکەم 1179 ساڵ لەمەوبەر مردووە و بە رێنووسی کوفیکی کۆن لەسەری نووسراوە، کە ناوی خاوەنی گۆڕەکە، ئومامە، کچی محەممەد ئیبن یەحیا ئیبن خالید ئیبن یەحیایە، ئەو لە رۆژی هەینی لەدە شەوی زیلحجە  لە ساڵی دوو سەد و بیست و نۆ کۆچی دوایی کرد.

کۆمەڵەی شوێنەواری میسر لە ناوچەی گۆڕستانە کۆنەکان لە قاهیرە، دەڵێن، ئەو ناوچەیە پڕە لە بینا و گۆڕی کۆن کە وێنەیان گیراوە و نوسراویان لەسەرە.

بەردی گۆڕە مێژووییەکانی قاهیرە، زانیاری و بەرواری کەسایەتییە گرنگەکانی مێژووی میسری کۆنیان لەسەرە، بەو پێیەی ناوی ئەو کەسایەتیانە و بەرواری مردنیان و هەندێکجاریش بەرواری لەدایک بوونیان تێدایە.

.