پێدرام باڵداری براوەی خەڵاتی (BBA) : شانازی دەکەم بەناوی کورد و کوردستان خەڵاتەکەم وەرگرتووە

پێدرام باڵداری
پێدرام باڵداری

K24 - ئەنقەرە

پرۆفیسۆر پێدرام باڵداری، براوەی خەڵاتی نێودەوڵەتی (بی بی ئەی) خەڵکی سنەی کوردستانی رۆژهەڵاتە، و لە ئەمەریکا دەژیت. لەوێ پڕۆفیسۆری زانکۆی باکووری تێکساسە و کارە هونەرییەکانی باڵداری زیاتر لە سەر چەمکی جیاوازی چینایەتی و بێ وڵات بوونە، شێوەکانی جیاوازی کلۆنیالیزم (داگیرکەری)، کۆچبەری و جەنگە. ئەو کارەکانی بە شێوەی جۆراوجۆر نمایش دەکات وەکو، نمایشکردن لەسەر دیوار، لە رێگەی کۆکردنەوەی چەک کە بۆ تاوانباری یان کۆشتنی خەڵک بە کاریان هاتووە، ئەو چەکانەی پۆلیس دەیانشکێنێت و لە ناویان دەبات، ئەو دەیانکات بە ئامێری مۆسیقا و پەیکەریان لێدروست دەکات.

خەڵاتی بی بی ئەی (BBA) یەکێکە لە سێ خەڵاتی نێودەڵەتییەکانی ئەڵمانیا، کە بە هونەرمەندەکانی دەبەخشێت، پڕۆفیسۆر پێدرام باڵداری یەکێکە لەو کەسانەی کە ئەم خەڵاتەی وەرگرتووە، باس لەوە دەکات دوای هەوڵێکی زۆر بۆ یەکەم جار لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە قەبووڵیان کردووە کە بە ناوی کورد و کوردستانە بناسێنرێت، چونکە ئەو هەڵگری ناسنامەی ئێرانە.

لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ کوردستان24 پرۆفیسۆر پێدرام باڵداری باس لە کارەکانی و بەشێک لە ژیانی تایبەتی خۆی دەکات.

لە سەرەتادا لەبارە شوێنی لەدایکبوون و ژیانی دەڵێت: "من ساڵ 1981 زایینی لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووم، تەمەنم 18 ساڵ بوو لە زانکۆی تاران کۆلێژی هونەر جوانەکان دەستم بە خوێندنی ئارکیتکچێر(تەلارسازی) کرد و هاوکات هونەریش فێربووم، لەناو هونەردا زیاتر خۆم دەبینیەوە و دەمویست رێگەیەکە بۆ گێڕانەوەیەکی نوێی چیرۆکی ژیان، کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان بدۆزمەوە. ڤیژوال ئارت(هونەرە بینراوەکان)م پێ خۆشتر بوو،بە تایبەت کانسپچواڵ ئارت(هونەری چەمکی) و (هونەری رێکخستن) بدۆزمەوە، دواتر لە ساڵی 2012 چووم بۆ زانکۆی تێکساس، وانەی هونەر و دیزاینی نێوان رشتەییم خوێند  لە interdisciplinary art and design 2017   و داوی ئەوەش رۆیشتم بۆ زانکۆی مینەسۆتا، هاوکات بە ناوی مامۆستای Visiting Assistant Professor (مامۆستای یاریدەر)، بانگهێشت کرام.  لە ساڵی 2020 هاوکات کە لە زانکۆی باکووری تێکساس مامۆستای یاریدەدەر بووم، بووم بە ئەندامی لێژنەی زانستی زانکۆ لە کۆلێژی هۆنەر و دیزاین. لە کۆتاییدا جاتناکەم هەڵگرت و چوومە ئەمەریکا لەوێ دەرێژەم بە خۆێندن و ژیاندا"

*لە کارەکانتدا ئەوەی زیاتر دەکەوێتە بەرچاو هەستی کوردایەتیە، مرۆڤ کە لە نیشتمان دوور دەکەوێتەوە ئەو هەستە زیاتر لە دڵیدا دروست دەبێت، ئەم هەستە لای تۆ چۆنە؟

-لە زانکۆی تاران کورد زۆر بوون، ئەوەی من دڵم پێخۆش بوو ئەوە بوو کە گەنجی کورد توانیویەتی لە باشترین زانکۆی ئێران و لە کۆلێژی هۆنەرە جوانەکان دەرس بخوێنێت. ئەوکات گەنجەکانی تاران و شیراز و زۆر لە شارە فارس زمانەکان، بڕوانامەی ماستەریان وەردەگرت و دەڕۆیشتن بۆ ئەوروپا و ئەمەریکا بۆ خوێندن، بەڵام گەنجی کورد وا نەبوو، ئێمە دەبوایە لەگەڵ خۆێندندا کاریشمان بکردبایە. بۆ ئەوەی لە خوێندن بەردەوام بین. ئەوکات بیرم لەو جۆرە پەراوێز خستنەم دەکردەوە، تۆ وەکوو کوردێک لە باشترین ئاستی زانست و هونەریشدا بیت، دەبێ دوو سێ هێندەی ئەوانی دیکە زەحمەت بکێشیت، هاوکات هەم کاری تەلارسازیم دەکرد هەم هونەر، دەستم کرد بە خوێندنەوە و فەلسفە و تێۆری جوانی ناسی و ئەو روانگە زانستییەکانم دەخوێندەوە کە لەسەر کۆمەڵگە و ژیان و مرۆڤ بوون، لە مێشکمدا پرسی کورد هەمیشە زاڵ بوو، لەنێوان کتێبەکاندا بەردەوام بە شوێن چارەی پرسی کورددا دەگەڕام، لەنێوان هونەریشدا هەروەها بووم.

*ئەم رەسەنایەتی و کورد بوونە لە کار و چالاکیەکانت رەنگی داوەتەوە،  جەخت لەسەر ئەوە دەکەیتەوە کە  کارەکانت وەکوو کورد بناسێنرێن نەک ئێرانی، و داوات کردوە بە ناوی کوردستانەوە ناوت بهێنن و خەڵاتەکەت وەربگریت، ئەمە گرفتی بۆ دروست نەکردیت؟

-زۆر کارێکی سەخت بوو بەڵام توانیم. لە سەر کێشەی کورد پڕۆژەگەلێکی جیاوازم ئەنجام بدەم، بەڵام لە هەر شوێنێک خەڵاتێکیان پێدابم، پرسیویانە خەڵکی کوێت؟ دەڵێم: شاری سنەی کوردستان، بەڵام نە دەزانن سنە چییە نە دەزانن کوردستان کوێیە، دەڕۆن لە گووگڵ بە دوایدا دەگەڕێن و لە ئێران دەیدەۆزنەوە. هەرکاتێک داوام لێدەکەن خۆم بناسێنم، هەستێکی ناخۆشم هەیە کە ئەبێت شەڕ بکەم بۆ ئەوەی وەکوو کوردێک پێناسەی خۆم بکەم. حەز ناکەم بڵێن هونەرمەند یان پڕۆفیسۆرێکی ئێرانی، هەموو کاتێک لە خۆم دەپرسم بۆچی بۆ ئاساییە بڵێن (ئێرانی) بەڵام کورد نا، من وەک کوردێک کە لە ئاستێکی نێودەڵەتی دا کاردەکەم، بۆ پێناسەکردنی خۆم دەبێت هەموو کاتێک کێشەم هەبێت. ئەگەر لە دەرەوەی ئەمەریکا کارەکانم نیشان ئەدەن بە ناوی ئەمەریکییەکەوە پێناسەم دەکەن، یان ئێرانی ئەمەریکی، من هەموو جارێک دەڵێم کوردم و لە ناو هەموو نامەکانیشمدا دەنووسم لە کوردستانەوە. ئەگەر لە ناوخۆی ئەمەریکادا بێت، ئەوان تەماشای بەڵگە و شوێنی نیشتەجێ بوونی دەکەن، دەزانن کوردی ئێرانم، دەنووسن ئێران، منیش ناچار دەبم لە گەڵیان شەڕبکەم لە سەر کورد بوونم. زۆر هەستێکی ناخۆشە.

*چۆن بوو بیرۆکەی ئەوەت بۆ هات کە کەلوپەل و چەکی سەربازی بەکار بێنیت بۆ کارەکانت ؟ ئەم کەلوپەل و چەکانە رۆژێک لە رۆژان بۆ کوشتنی مرۆڤ بەکاریان هێناون، تۆ چۆن توانیت مانایەکی دیکەیان پێ ببەخشیت؟

-من لە دوای شەڕە خوێناوییەکەی سنە لە دایکبووم، خزم و کەسوکارمان زۆر کوژرابوون، زۆر کەسیشمان لە بەندیخانەکانی ئێراندا بوون، لە شەڕی ئێران و عێراقیش زۆر خەڵک کوژران، هەروەها قوتابخانە، ماڵ و نەخۆشخانە لە ناو جەنگدا هەمووی وێران بوون. من وەک منداڵێک لەناو شەڕدا گەورە بووم، زۆر شت نەبوو بۆ یاریکردن، من هەر لە منداڵیەوە پرسیارم دەکرد بۆ لەگەڵ ئێمە وەک داگیرکەر هەڵسووکەوت دەکەن، بەڵام بۆ شارەکانی تر وانیین.

-کورد قۆربانی توندوتیژیە، قرربانی شەڕە، قۆربانی کۆمەڵکوژییە، من هیچ کاتێک شەڕم پێ پیرۆز نەبووە. کاتێک رۆیشتم بۆ پڕۆگرامی خڕکردنەوەی چەک لە شارێک لە ئەمەریکا، بینیم پۆلیس ئەو چەکانەی دەشکاند، زۆر شۆک بووم، راستەوخۆ کەوتمەوە بیرئەوکاتانەی وا بە تاوانی کورد بوون چەکیان لە خۆم یان لە ئازیزەکانمانیان رادەکێشا، کەوتمەوە بیر ئەوکاتەی لەگەڵ منداڵانی هاوتەمەنم چۆن یاریمان بە فیشەک و پاشماوەکانی تەقەمەنی دەکرد و شت گەلێکی جوانمان سازدەکرد. ئەوانە بوون بەهۆی ئەوەی کە لەسەر ئەو کەرەستانە لێکۆڵینەوەی زۆر بکەم، تا بزانم چۆن دەتوانم لە لولەی چەکەوە، دەنگێکی تر بێجگە لە مەرگ و نەمان بێنمەدەرەوە. ناچاربووم ساڵێک تەرخان بکەم بۆ توێژینەوە لەسەر دینامیکی ئامێرگەرێک وەک شمشاڵ، کلارینێت، ساکسیفۆن و توانیم ئەو چەکانە، بگۆڕم بۆ ئامێرگەلێکی تایبەت، لەگەڵ مۆسیقاژەنەکان و ئەو هونەرمەندانەی ئامێری سازی بادی wind instruments لێدەن، کاری زۆرم کرد، تا توانیم بە باشی کار لە سەر ئەوە بکەم، ئەو چەکانە خەڵکیان کوشتووە و بریندار کردووە، بیانگۆڕم و بیانکەم بە ئامێرێکی دیکە بۆ ژیان. ئەو کارانەی کە وا دژ بە توندوتێژین و لەلای خەڵکی ئێرە جوانن، گۆڕانی ئەم چەکانە لە دژایەتی و کۆشتنەوە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان و جوانی، بیرۆکەی من بوو بۆ نەمانی شەڕ لە جیهاندا. ئەوەی کە هەر کەسێک دەتوانێت ژیانی خۆی بگۆڕێت. ئەم کارانە لە زۆر گالەری و مۆزەخانەدا لە ئەمەریکا بە شێوازێکی جیاواز نمایشکراون.

*خەڵاتی زۆرت وەرگرتووە، وەکوو خەڵاتی بی بی ئەی، دەکرێت زۆرتر و وردتر دەبارەی خەڵاتەکانەوە باس بکەیت و گرنگی ئەوانە چین بۆ کورد؟

-یەکەم جار لە ساڵی 2012 خەڵاتێکی نێودەوڵەتیم لە شاری لەندەن وەرگرت، لە موزەخانەی ویکتۆریا ئەند ئالبێرت، هەم کارەکانم نێشان درا و هەم خەڵاتەکەشیان پێدام. بۆ وەرگرتنی چووم بۆ لەندەن. لەوێ زۆر کاری تریشم کرد. ئەوانیش کارەکانی منیان لە دۆکیومێنتاری ئەڵمانیا کە پیرۆزترین پێشانگای هونەری جیهان نمایش کرد. هاوکات لە ئەمەریکا بورس و سکالرشیپم وەرگرت.

-لەو خەڵاتانەی کە وەرمگرتوون دەتوانم بە کورتی بڵێم: خەڵاتی میللی ئەمریکا، ستار داست فاوندەیشن، خەڵاتی مێترۆپالیشەن، لۆکسیس، خەڵات و فێلۆشیپ مەکداوێڵ فاوندەیشن، خەڵات و فێلۆشیپی یادۆ فاوندەیشن و زۆر خەڵاتی دیکە. لە تەواوی جیهانیشدا کارەکانم پێشکەش کراون وەکوو: ژاپۆن، وڵاتانی ئەرووپا، بەریتانیا، رۆژهەڵاتی ناوڕاست، تورکیا، کەنەدا، و ئەمەریکا و ئەڵمانیا. خەڵاتێکی نێودەڵەتی هەیە کە هەموو ساڵێک هەزاران کەس لە تەواوی دونیا ئەپلای دەکەن، بەڵام تەنیا بە سێ کەس ئەو خەڵاتە دەبەخشن.ئەو خەڵاتەش لە لایەن لێژنەیەکی نێونەتەوەیی پسپۆڕی بەڕێوبەری سیستەمی هونەری ئەوروپا هەڵدەسەنگێندرێت. ئەویش خەڵاتی (بی بی ئەی)ـە. ئەم خەڵاتە بە لای منەوە زۆر پیرۆز بوو، بۆ یەکەم جار من لە پێناسەکانی خۆمدا نووسیبووم کوردستان، ئەوانیش هەروەک ئەوەی نووسیبووم وەک کوردێک منیان بە فەرمی ناساند، کاتێک خەڵاتەکەیشم بردەوە، وتیان پێدرام باڵداری لە کوردستانەوە، نە ئەمەریکا نە ئێران، ئەوە لە هەموو شتێک بۆ من گرنگتر و پیرۆزتر بوو، زۆر شانازی پێوەدەکەم، هونەرمەندانی دنیا بە ئاواتەوەن ئەو خەڵاتە وەربگرن،  زۆر بەشداریان کرد من یەکێک بووم لەو کەسانەی کە ئەو خەڵاتەم بردەوە. ئەویش بە ناوی کوردستانەوە نە وڵاتێکی دیکە ئەوە شانازییە بۆ گەلەکەم .

نموونەیەک لە کارەکانی پێدرام باڵداری
نموونەیەک لە کارەکانی پێدرام باڵداری
.