وەزیری پەروەردە: هەر مامۆستایەک دەستکاریی نمرەی قوتابییانی کردبێت بە تووندترین شێوە سزا دەدرێت

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە، هەر مامۆستایەک لە سیستەمی (e-perwerde) دەستکاریی لە نمری قوتابییاندا کردبێت، "تووندترین سزا دەدرێت". ئاماژە بەوەش دەدات، 11 هەزار و 564 قوتابی لەو قوتابخانانەی لێیان دەخوێنن، دایک یان باوکیان مامۆستان، لەم ژمارەیە تەنها 900 قوتابی یەکەم بوون.

ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی ئایاری 2023، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دەنگۆی دەستکاریکردنی نمرەی ژمارەیەک قوتابی لە وەرزی دووەمی خوێندنی ئەمساڵ، رایگەیاند: "ئێمە هەموو سیستەمی قوتابخانەکانمان کردووەتە دیجیتاڵی، بە تۆمارکردنی نمرەشەوە. قوتابخانەکان لەکاتێکی دیاریکراودا نمرەکان تۆمار دەکەن، ئەو نمرەی کە تۆماری دەکەن دەچێتە نێو سیستەمەوە، دواتر سیستەم لێیان دادەخرێت و بۆیان نابێت دەستکاری نمرەکان بکەن. تەنها لە یەک حاڵەتدا نەبێت، کاتێک لیژنەی لێکۆڵینەوە تێبینییەکیان لەسەر ئەنجامی سکاڵایەک هەبێت، رەزامەندی وەزارەت لەبارەی ئەو بابەتە وەردەگرن و سیستەمەکە بۆیان دەکرێتەوە."

لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە گوایە، ژمارەیەک مامۆستا دەستکارییان لە نمرەی ژمارەیەک قوتابیدا کردووە و منداڵەکانیان کردوونەتە یەکەم و پێش قوتابییاکانی دیکەیان خستوون. ئالان حەمە سەعید لەوبارەوە ئاماژەی بەوەکرد: "هەستەدەکەم خەڵكێک دەیەوێت کەلێنێک بخاتە نێوان مامۆستا و کۆمەڵگەدا، ئەمەش شتێکی خراپە و دەبێت روونکردنەوەی لەسەر بدەین. لەماوەی رابردوو هەندێک قسە لەسەر مامۆستایان کرا، کە شیاو نەبوون ئەو جۆرە قسەیان لەبەرامبەر بکرێت."

وەزیری پەروەردە هۆشداریی دا و گوتی: "لە شوێنێک ئەگەر مامۆستایەک دەستکاریی نمرەکانی کردووە، دڵنیابن، ئێمە لە سیستەم ئاگادارین، تەنانەت ئەو کاتژمێرەی نمرەکەی دەستکاریکردووە و نمرە پێشووەکەش پیشاندەدات. لە هەموو کوردستان، تەنها یەک دوو حاڵەتی بەم شێوەیەمان هەیە، ئەوانەش بە رەزامەندی وەزارەتی پەروەردە دەستکارییان کردووە."

بەگوتەی ئالان حەمە سەعید، هەر کەسێک بەبێ رەزامەندی وەزارەتی پەروەردە دەستکاریی لە نمرەکاندا کردبێت و  مەبەستی ئەوە بووبێت قوتابییەک پێش قوتابییەکی دیکە بخات، "تووندترین سزا دەدرێت."

وەزیری پەروەردە گوتی: "من ناڵێم بە هیچ شێوەیەک خەڵكێک "تەفزیلی" منداڵی مامۆستایەکی نەکردووە، بەڵام بەم شێوەیە نییە کە باسی لێوە دەکرێت. 11 هەزار و 564 قوتابی لە هەرێمی کوردستان لەو قوتابخانانەی لێیان دەخوێنن دایک یان باوکیان مامۆستان. لەم ژمارەیە تەنها 900 قوتابی یەکەم بوون، واتا ناکەتە 10%ـی ئەو ژمارەیە. وێنەیەکیان دروستکردووە، کە هەموو منداڵی مامۆستایان یەکەم دەبن، قوتابیانی دیکە یەکەم نابن و ستەمیان لێ دەکرێت."

ئالان حەمە سەعید روونیشیکردەوە، "من ناتوانم بەشێوەیەکی رەهایی بەرگریی لە ویژدانی هەموو کەسێک بکەم، چونکە ئەم بابەتە "بابەتێکی ویژدانییە"، بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی وانییە، مامۆستایان دڵسۆزن و منداڵەکانی ئێوە (دایک و باوکان) پێدەگەیەنن و شیاو نین بەم شێوەیە {مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت}، ناکرێت ئێوە بەم شێوەیە تەڕ و وشک بەیەکەوە بسوتێنن."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی هەڵسەنگاندنی قوتابیان؛ وەزیری پەروەردە رایگەیاند: "ئەگەر قوتابییەک لە هەڵسەنگاندنی یەکەم لە سەرەتای ساڵدا لە وەرزش 24ـی بۆ داندراوە، یان لە هونەر 23ـی بۆ داندراوە، ئێ مامۆستای وەرزش و هونەریش زانکۆیان تەواو کردووە و وانەیان هەیە، رێنماییان هەیە {چۆن وانەکانیان} بڵێنەوە، پەیوەندییان بە مامۆستاکانی دیکەوە نییە چەند نمرە دادەنێن، بەڵکوو هەڵسەنگاندنی خۆی داناوە. بۆ ئەمە دەبێت لەسەری ساڵدا لەسەر مامۆستایەک هەژمار بکرێت، وڵڵا لە وەرزشدا 100ـی نەداوە، ئێ ئەو لە هەڵسەنگاندنی سەرەتای ساڵ  25ـی داناوە."

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسیارێکی ئاراستەی ژمارەیەک کەس کرد و رایگەیاند: "هەندێک کەس دەڵێن، با مامۆستاکان منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان نەبەنە ئەو قوتابخانەی وانەی تێیدا دەڵێنەوە، ئەمە چ لۆژیکێکە، ئەی بیانبەنە چ شوێنێک؟"

رۆژی شەممە 29ـی نیسانی 2023، م. نورەددین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە بەشداریی زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار قوتابی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی خولی یەکەمی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان دەستیانپێکرد.

هاوکات نەوزاد عەبدوڵلا، بەرپرسی راگەیاندنی پەروەردەی گشتیی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی گوت، زیاتر لە 500 هەزار قوتابی لە سنووری پارێزگاکە بەشداریان لە تاقیکردنەوەکاندا کردووە؛ لەو ژمارەیە 38 هەزار و 270 قوتابی پۆلی نۆیەمن کە لە تاقیکردنەوکانی نیشتمانیدا بەشدارییان کردووە. 

لای خۆیەوە  دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ 380 هەزار قوتابی لە سنووری پارێزگاکە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵیان ئەنجامداوە، بەم شێوەیە؛ (40 هەزار قوتابی پۆلی 12، کە لە ماوەی داهاتوودا تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی ئەنجام دەدەن)، 27 هەزار و 554 قوتابی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی پۆلی نۆی بنەڕەتییان ئەنجامداوە و 312 هەزار و 446 قوتابی دیکە، تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکانیان ئەنجامداوە.

لەلایەکی دیکەوە، عومەر عەلی تەها، بەڕێوەبەری گشتیی پەروردەی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی گوت: لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 365 هەزار قوتابی بەشداری تاقیکردنەوەکانی نیشتیمانی پۆلی نۆیەم و تاقیکردنەوەکانی پۆلە ناکۆتاکانیان کردووە.