کەشتیەکی راوکردنی ماسی لە دەریای هیندیدا وەرگەڕا و 39 کەس بێ سەروشوێن بوون
K24 - هەولێر
دەسەڵاتدارانی پەکین رایانگەیاند، کەشتییەکی ماسیگرتنی چینی لە زەریای هیندیدا وەرگەڕا و، لە ئەنجامدا سەرجەم سەرنشینانی کەشتیەکە بێ سەروشوێن بوون، کە ژمارەیان 39 کەس بووە.
کەناڵی تەلەفزیۆنی"CCTV" چینی رایگەیاند، تا ئێستا هیچ کام لە سەرنشینە ونبووەکانی کەشتیەکە نەدۆزراونەتەوە "کە 17 چینی و 17 ئەندەنوسی و 5 فلیپینین"، ئاماژەی بەوەشکردووە، شی جینپینگ، سەرۆکی چین دەستبەجێ فەرمانی کردووە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رزگارکردنی ئەو کەسانە دەستپێبکات.
کەناڵەکە راشیگەیاند، کۆمپانیای "بەنگالی چینگلۆ فیشەری کو" کە کۆمپانیایەکی چینییە و تایبەتە بە راوکردنی ماسی، خاوەنی کەشتیەکەیە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئوسترالیا و وڵاتانی دیکە تیمی فریاگوزاریان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کردووە، هاوکات دوو کەشتی چینیش بۆ هاوکاریکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان رەوانەی ناوچەکە کراون.