شەلال گەدۆ: ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئیدانەی گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی دهكات
K24 - هەولێر:
نوێنەری ئەنەکەسە لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا، گەڕانەوەی سووریای بۆ کۆمکاری عەرەبی بۆ بەرژەوەندی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لە قەڵەمدا و رایگەیاند، گەڕانەوەی سووریا لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی ئهو وڵاته نییە و هەروەها ئۆپۆزسیۆنی سوریاش بە توندی ئیدانەی دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە (17ــی ئایاری 2023)، شەلال گەدۆ، نوێنەری ئەنەکەسە لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بە کوردستان24ــی راگەیاند، وڵاتی قەتەر و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی رازی نەبوون بە گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی، چونکە دەڵین: "رژێمی سووریا و حکومڕانیەکەی هەمان سیاسەتی پێشوویان جێبەجێ دەکەن و بیر و باوەڕیان گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە و بە هەمان ئەقڵیەتی پێش 2011 تا ئێستا حوکم دەکەن".
هەروەها راشیگەیاند، ئوردن و بۆ بەرژەوەندی خۆی رەزامندی نیشاندا بۆ گەڕانەوەی سووریا، چونکە ئوردن لەگەڵ سووریا لەسەر زۆر پرس کێشەیان هەبوو، بە تایبەت کێشەی سنووری نێوانیان و تیرۆر و قاچاغچییەتی.
لەبارەی سعوودییهش، شەلال گەدۆ، روونیکردەوە، سعوودییەش بەهۆی بەرژەوەندیان لەگەڵ ئێران رازیبوون بە گەڕانەوەی سووریا، چونکە یەکێک لە مەرجهكانی ئێران بۆ ئاشتبوونەوە لەگەل سعوودییە، گەڕانەوەی سووریا بوو بۆ کۆمکاری عەرەبی.
نوێنەری ئەنەکەسە لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا، باسی لەوەشکرد، یەکێک لە مەرجەکانی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی بۆ سووریا، گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سوورییەکانە بۆ وڵاتەکەی خۆیان.
لەبارەی رژێمی سووریا، شەلال گەدۆ، گوتی: "کێشەی سووریا و رژێمی سووریا هەر بەردەوام دەبێت، گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، هەروەها خەڵکی سووریا بەدەوام دەبن لە داواکردنی مافی خۆیانن و داوای گۆرینی ئەو رژێمە دەکەن، خەڵکی سووریا چاوەڕێی کۆمکاری عەرەبی ناکەن".
گوتیشی: "ئۆپۆزسیۆنی سووریا پشتگیری ئەوە گەڕانەوەی سووریا ناکات بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی و بە توندی ئیدانەی دەکات، چونکە دەڵێت، لە بەرژەوەندی سووریا و گەلەکەیدا نییە".