واشنتن پێشوازی له‌ رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

K24 - هەولێر:

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، پێشوازی لە رێککەوتنی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

ڤێدانت پاتێڵ جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا له‌میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی ئاماژەی بەوەدا، ستایشی لایەنەکانی هەرێم دەکەن، كه‌ توانیان بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا گوتی: "ئێمە ستایشی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی کێشەکانیان لەرێگەی گفتوگۆوە چارەسەرکرد، ئەوەش هەوڵ و کارێکی گرنگە، کاتێک سەرکردەکان گوێ لە داواکاری هاووڵاتیانیان دەگرن".

ده‌شڵێت: "پێشوازی لە رێککەوتنی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین، سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کۆتایی ساڵدا".

كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دوای دەستپێشخەری سەرۆک مەسعود بارزانی دێت، کە لە رۆژی 11/5/2023، لە میانی رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی گوتارێکیدا داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ناوچەکە، پێش 18ـی ئەم مانگە، کۆبووەوەیەکی فراوان ساز بکەن.

سەرۆک بارزانی، گوتی: بانگەوزاێك بۆ هەموو لایەن سیاسییەکانی کوردی دەکەم، تا لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە و پێش 18ـی ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی فراوان بکەن و تێیدا هەموو کێشەکان باس بکرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

سەرۆک بارزانی رایگەیاند: پێش ئەم کۆبوونەوەیە داوا لە هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەکەم، کۆبوونەوەیەک بکەن، تا ئەم تەمومژیە نەمێنێت و زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە گەورەکە بکەن.