دیندار زێباری: ناکرێت هەرێمی کوردستان و عێراق لە جێبەجێکردنی رێکەوتننامەی شنگال بە یەک چاو سەیر بکرێن

دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان
دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان

K24 - هەولێر:

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ئەرێنی باسی پێکەوژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان دەکات. هەروەها دەشڵێت، راپۆرتەكه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هەرێمی کوردستان و بەغدای له‌باره‌ی پرسی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال بە یەک چاو سەیرکردووە.

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نیودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، 15ـی ئەم مانگە وەکو هەموو ساڵێک وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا راپۆرتێکی بڵاو کردەوە، تایبەت بە رەوشی پێکهاتەکان لەسەر ئاستی جیهان.

هەروەها راشیگەیاند، راپۆرتەکەی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا لەباره‌ی ناوچە كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانه‌، بە تایبەت پێکهاتە ئایینییەکانی ئه‌م ناوچانه‌.

باسی لەوەشکرد، لە راپۆرتەکەدا هاتووە،  حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک نموونە دەهێنێتەوە لە پێکەوە ژیانی ئایینی، کە نمونەی ئاوارەکان باس دەکات، هەروەها رەوشی کۆمەڵایەتی هەرێم پشان دەدات کە چۆن مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەکان دەکات .

رێکخەری راسپاردە نیودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوەکردەوە، لەو راپۆرتەدا باس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە کاری بۆ حەواندنه‌وه‌ی مەسیحیەکان كردووه‌.

دیندار زێباری، دەشڵێت: تێبینیەکانمان له‌باره‌ی راپۆرته‌كه‌ ئەوەیە، كه‌ ناکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا بە یەک چاو لە جێبەجێکردنی رێکەوتننامەی شنگال سەیربکرێن، دەبێت راپۆرتەکە باسی واقیع بکات، کە ئه‌وانه‌ كێ بوون  شنگالیان رزگارکرد.

هەروەها گوتیشی: "هێزی چەکداری هاوشێوه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و په‌كه‌كه‌ رێگرن لە جێبەجێکردنی رێككه‌وتننامه‌ی شنگال، هەروەها تۆپبارانی تورکیاش لەو ناوچانە بەهۆی بوونی پەکەکەوەیە".

رێکخەری راسپاردە نیودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، روونیکردەوە، رەشنوسێکی یاسایی لەلایه‌ن حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021 بە دەستپێشخەری سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی دەرچوو، دواتر بۆ پەرلەمان نێردرا،  ئەمەش هەنگاوێکی دیکەی گرنگ بوو لە دادپەروەری، بەڵام لە راپۆرتەکە باس نەکرابوو.

دیندار زێباری، لە بارەی تێبینییەکانی ئه‌و راپۆرتە گوتی: "39 کەمپ لە هەرێمی کوردستان هەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی قەیرانی دارایی لە بارودۆخێکی سەختدایە لەبارەی تەرخانکردنی داهات بۆ ئاوارەکان و حکومەتی عێراقیش هاوکار نییە"

گوتیشی : "کۆمیسیۆنی ئازادی ئایینی سەر بە کۆنگریسی ئەمەریکا داوا دەکات ماددەی 140 جێبەجێبکرێت، بەڵام راپۆرتەکەی  وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژە بە جێبەجێکردنی ماددەی 140 ناکات، هەروەها رۆڵی ئەمەریکا و ئەوروپا هیچ نەبوو لە ئاسایکردنەوەی بارودۆخی ئەم ناوچانە".