برزۆ سەعید: تۆمەتباری کوشتنی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین نەخۆشی دەروونی نییە

دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتباری کوشتنی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین دواخرا
پارێزەر، برزۆ سەعید
پارێزەر، برزۆ سەعید

K24 - هەولێر:

برزۆ سەعید، پارێزەری هاوژینەکانی هەردوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتباری کوشتنی هەردوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین دواخرا.

ئەو پارێزەرە گوتیشی، لە دانیشتنی دووەمی دادگایکردنی تۆمەتباری کوشتنی دکتۆر کاوان ئیسماعیل و دکتۆر ئیدریس عیزەت ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە، کە تۆمەتبار نەخۆشی دەروونی نییە.

پارێزەر، برزۆ سەعید باسی لەوەکرد، دادگاییەکە بەشێوەیەکی باش رۆیشت، وتەی داواکارانی مافی کەسی دکتۆرە نیشتیمان و مامۆستا سەوسەن وەرگیرا و وتەی شایەتەکان و چەند کۆنووسێک خوێندرانەوە، بەڵام دادگاییکردنەکە دواخرا و هێشتا رێکەوتی دەستپێکردنەوەی نازانن.

ئەو پارێزەرە هۆکاری دواخستنی دادگاییەکەی بۆ ئەوە گەڕانەوە، کە پارێزەری تۆمەتبار هەفتەی رابردوو داواکارییەکی پێشکەش بە دادگای تاوانی هەولێر کردبوو، بۆئەوەی دووبارە تۆمەتبار بخرێتەوە بەردەم پشکنینی پزیشکی، هەروەها داوای بەردانی تۆمەتباری کرد بە دەستەبەری دارایی (کەفالەت).

برزۆ سەعید راشیگەیاند، دادگای تاوان داواکەرییەکانی پارێزەری تۆمەتبارەکەی رەت کردووەتەوە، پارێزەرەکەش لە سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم (تمیز) داوای تێهەڵچوونەوەی بڕیاری دادگای تاوانی کردووە و ئێستا چاوەڕێی بڕیاری سەرۆکایەتی دادگای هەرێمی کوردستان دەکرێت.

رۆژی 2022/06/28 قوتابیەك لە زانكۆی سۆران كە پێشتر پێشینەی یاسایی لەسەر بووە، بە چەکەوە هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی دكتۆر (ئیدریس حەمە خان) و چەند گوللـەیەکی پێوە دەنێت و شەهیدی دەکات، دواتر روو لە كۆلێژی یاسا دەکات و تەقە لە د. كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سەلاحەدین دەکات و دوای گواستنەوەی بۆ ژووری نەشتەگەری ئەویش گیانی لە دەست دەدات، هاوكات پاسەوانێكی كۆلێژەكەش لەو رووداوە بریندار بووە.

هەمان رۆژ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی بازگه‌كان رایگەیاند، بکوژی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان دەستگیرکراوە.