مەسرور بارزانی: حکومەت بەرنامەی هەیە بە نرخێکی کەمتر کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان دابین بکات

وتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانی رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر رایگەیاند: حکومەت بەرنامەی هەیە بە ئەرکی کەمتر و بە نرخێکی کەمتر لە نرخی کارەبای موەلیدە، کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان دابین بکات.

دەقی وتاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

ئامادەبووانی هێژا

سوپاس بۆ ئامادەبوونتان، زۆر بەخێربێن

بۆ من مایەی خۆشحاڵییە کە ئەمڕۆ بەردی بناغەی یەکەم وێستگەی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەولێر دادەنێین، کە توانای بەرهەمهێنانی 25 مێگاوات کارەبای هەیە لە یەک کاتژمێردا، دەستخۆشی لە وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیاکانی جێبەجێکاری ئەم پڕۆژە گرنگە دەکەم، هیوادارم ئەمە ببێتە سەرەتایەک، بۆ ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی هاوشێوەی لەسەرجەم شارەکانی کوردستان، پێویستە زۆر گرنگی بە بەکار‌هێنانی وزەی خاوێن و ژینگەدۆست و جێگرەوە بدەین.

ئێمە پشتیوانییەکی زۆری وەزارەتی کارەبامان کردووە، بۆ ئەوەی چاکسازی لەم کەرتەدا بکەن، تاکوو بتوانن بەشێوەیەکی باشتر و شایستەتر خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەن، لەم رووەوە جێگەی دەستخۆشیە کە وەزارەتی کارەبا دەستی پرۆسەی چاکسازی کردووە لەپێناو باشترکردن، کەرتی کارەبا پێویستی بە گەشەپێدانی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باشتر خزمەتی هاووڵاتییان بکات، لەم روەوە پێویستە وەزارەتی کارەبا بە هاوکاری کەرتی تایبەت هەموو هەوڵێکی خۆیان بخەنەگەڕ و پلان و ئامادەکاریی پێویست بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانرێت کارەبای بەردەوام بە هاووڵاتییان بدرێت، بۆ نموونە پێویستە یەکێک لە هەنگاوەکانیان بەکارهێنانی وزەی خۆر و سەرچاوەکانی دیکەی نوێبووەوە یاخود ئەوەی پێی دەڵێن ((renewable energyوە ژینگە دۆست بێت.

ئێمە دەرفەتی زۆرمان هەیە کە کەرتی کارەبا زۆر لە ئێستا باشتر بکەین، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە هاووڵاتییان بکات، بەڵام لە هەمانکاتدا پێویستە هاووڵاتییانیش هاوکاری خۆیان  و حکومەت بکەن، ئەویش لە رێگەی رێگری کردن لە بە هەدەردانی کارەبا و کەمکردنەوەی زیاد بەکارهێنانی کارەبا و دانی رسوماتی کارەبا بەشێوەیەکی رێک و بەردەوام، بۆ ئەوەی حکومەتیش بتوانێت بەشێکی خەرجییە زۆرەکانی بە بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکات و کارەبا بە باشی بە هاووڵاتییان بدات، چونکە هاووڵاتییانی خۆشەویست دەبێ ئەوە بزانن کە ئەو کارەبایەی لەلایەن کەرتی گشتییەوە و لەلایەن حکومەتەوە بە نرخێکی زۆر هەرزان پێیان دەدرێت زۆر کەمترە لە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتییاندا، حکومەت ساڵانە ملیۆنان دۆلار لەم بوارەدا خەرج دەکات کە دەکرێ ئەم بودجەیە زۆر کەم بکرێتەوە گەر هاووڵاتییان هاوکاری حکومەت بکەن.

هاووڵاتییانی بەڕێز دەزانن کە لەو ماوەی رابردوو راستە ئێمە بەرهەمهێنانی کارەبامان زیاد کردووە، بەڵام تاکو ئێستا وەکو پێویست نەمانتوانیوە 24 کاتژمێر کارەبا دابین بکەین، ئەمەش هۆکاری زۆرە، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە پێویستی و بەکار‌هێنانی کارەبا لەو ماوەیەدا زۆر زیادیکردووە، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، هەرچەندە ئێمە چەندین وێستگەی کارەبامان زیادکردووە و بەرهەمهێنانی کارەبامان زیادکردووە، بەڵام نەتوانراوە ئەو پێداویستییەی کە کوردستان هەیەتی دابین بکات، وەکو گوتم هەم ژمارەی هاووڵاتییان زیادیکردووە هەم کارخانەکان لە هەرێمی کوردستان زیادیان کردووە، وە پێویستی هاووڵاتیان یان بەکارهێنانی ئامێرەکانی کارەبایی بۆ ژیانی رۆژانەیان زیادیانکردووە، بۆ ئەوەی ئێمە لێرەدا بتوانین هاوکاری یەکتر بکەین کە مەبەستم ئەوەیە هەم حکومەت بتوانێت زیاتر خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان بگەیەنێت، هەم هاووڵاتیان بتوانن ئەرکەکەی خۆیان جێبەجێ بکەن، هەردوولامان ئەرکمان لەسەرە، حکومەتی هەرێم ئەرکی ئەوەیە خزمەتگوزاری باشتر بە هاووڵاتییان بگەیەنێت، وە هاووڵاتییانیش ئەرکیان ئەوەیە کە ئەو رسوماتەی دەکەوێتە سەریان ئەو بەرپرسیاریەتی و ئەرکەی هاوبەشەی دەکەوێتە سەریان ئەوانیش جێبەجێی بکەن.

هاووڵاتییان خۆیان ئەوانەی کە 24 کاتژمێر دەبێت یان پێویستیان پێیەتی و حکومەت ناتوانێت بۆیان دابین بکات پەنا دەبەنە بەر موەلیدە، وە ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستە دەبێ بە موەلیدەکانی بدەن، حکومەت بەرنامەی هەیە کە بتوانێت بە ئەرکی کەمتر و بە نرخێکی کەمتر ئەو کارەبایە بۆ هاووڵاتییان دابین بکات، کە 24 کاتژمێریش بێت، بەوشێوەیە کە هاووڵاتییان ئەو رسوماتەی کە حکومەت داوای دەکات بیدەن، ئەو بەرپرسیاریەتییەی لەسەر شانیانە جێبەجێی بکەن حکومەت دەتوانێت، بەوشێوەیە ئەو کارەبایەیان بۆ دابین بکات، بە مەرجێک هاووڵاتیانیش رسومات بدەن بە حکومەت، ئەو پارەیەی دەیدەن بە موەلیدەکان کەمتر لەوەش ئەگەر بیدەن بە حکومەت دەتوانن خۆیان لە چەند سەرئێشە بە دوور بگرن، یەکێک لەوانە دەنگی موەلیدە لە گەڕەکەکان لەوانەیە زۆر ناخۆش بێت، هەروەها بۆنی گازوایل و نرخی کارەبا، هەموو ئەمانە حکومەت دەتوانێت دەتوانێت لەگەڵ کەرتی تایبەت و هاووڵاتییان رێکبکەوێت بەو بەرنامەی کە دامان رشتووە حکومەت هەرێم بتوانێت کارەبای 24 کاتژمێری بە هاووڵاتییان بدات، بە مەرجێک هاووڵاتییانیش خۆیان بە بەرپرس بزانن و وەڵامدانەوەیان هەبێت بەرامبەر بەو ئەرک و خزمەتگوزاریانەی حکومەت، بۆیە من لێرەوە داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەکەم ئەم حکومەتە بە هی خۆیان بزانن و خۆیان بە بەشدار بزانن لە حکومەت و بەشداربن لە حوکمڕانی، حکومەت شتێکی نامۆ و جیاواز نییە لە ئێوە، بەڵکو بەشێکە لە ئێوە، تەنیا ئەرکی حکومەت ئەوەیە خزمەتگوزاری بە ئێوە بگەیەنێت، ئێوەش ئەرکتانە هەم وڵات و ژینگەی خۆتان بپارێزن، وە ئەوەی لەسەر هەردوولامانە هاوکاری یەکتر بکەین.

من جارێکی تریش دەستخۆشی لە وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیاکانی ئەم پڕۆژە گرنگە دەکەم و هیوادارم پڕۆژەی کارەبا بە وزەی خۆر و وزەی نوێبووەوە و پاک و ژینگەدۆست زیاتر گەشە بکات لە کوردستان، جارێکی دیکە دەستخۆشیتان لێ دەکەم هیودارم هەمیشە سەرکەوتووبن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.