وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق ژماره‌ی تووشبووان و مردووان به په‌تای تای خوێنبه‌ربوون بڵاوده‌كاته‌وه
K24 - هەولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق ئاماژه‌ی زیادبوونی ژماره‌ی تووشبووان به په‌تای تای خوێنه‌به‌ربوون كردووه، كه له‌ناویشیاندا به‌هۆی قورسی ئه‌و په‌تایه‌وه، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 18ـی ئایاری 2023) سه‌یف به‌در، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای تای خوێنبه‌ربوونی له‌ناو هاووڵاتیانی عێراقدا دووپاتكرده‌وه و رایگه‌یاند، تاوه‌كو ئێستا 119 كه‌س تووشی په‌تاكه بوونه و له‌ناویشیاندا 18 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق روونیشیكرده‌وه، له پارێزگای زیقار 35 حاڵه‌ت، له به‌سڕه 18 حاڵه‌ت، له موسه‌ننا 10 حاڵه‌ت، له نه‌جه‌ف 8 حاڵه‌ت، له ره‌سافه‌ی به‌غدا 6 حاڵه‌ت، له سه‌ڵاحه‌ددین 5 حاڵه‌ت، له كه‌رخی به‌غدا 5 حاڵه‌ت، له دیاله و دیوانییه 4 حاڵه‌ت، له واست و بابل 5 حاڵه‌ت، له كه‌ربه‌لا 3 حاڵه‌ت، له ئه‌نبار 2 حاڵه‌ت و له هه‌ولێریش یه‌ك حاڵه‌ت هه‌یه.
به‌گوێره‌ی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق حاڵه‌ته‌كانی گیان له‌ده‌ستدان له شاره‌كانی عێراق به‌م شێوه‌یه بووه، زیقار 6 كه‌س، به‌سڕه یه‌ك كه‌س، موسه‌ننا 3 كه‌س، نه‌جه‌ف، ره‌سافه، دیاله، دیوانییه، واست، كه‌ربه‌لا، ئه‌نبار و هه‌ولێر یه‌ك حاڵه‌ت.
سه‌یف به‌در داواشی له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق كرد بۆ له‌ناوبردنی مێرووی قرنه "گه‌نه" كه گوێزه‌ره‌وه‌ی په‌تاكه‌یه، ده‌رمانی تایبه‌ت به‌كاربهینێت، هه‌روه‌ها داوای له وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق چاودێری بازرگانی مه‌ڕوماڵات بكات له‌نێوان پارێزگاكان.