کاردانەوەی راگەیەندراوە هاوبەشەکەی نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێم لەبارەی هەڵبژاردن

kurdistan24.net

K24 - هەولێر:

13 کونسوڵخانە و نوێنەری وڵاتان لە هەولێر داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "ئەمە دەرخەری گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان کە هاوپەیمانان لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دیموکراسی هەرێمی کوردستاندان".

ئەمڕۆ پێنجشەممە ( 18ــی ئایاری 2023)، رێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم وڵاتانە لە خەمی پرۆسەی هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموکراسیین لە هەرێمی کوردستان، هەروەها پێیان وایە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەبێتە هۆی دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و دروستبوونی حکومەتێکی نوێ.

هەروەها، دەڵێت: "ئەمە دەرخەری گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستانە کە وڵاتانی جیهان لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دیموکراسی هەرێمی کوردستاندان"

لەلایەن خۆشیەوە، سەرسام خەلیل، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، بۆ کوردستان24 گوتی، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا یەکێکە لە پێوەرە هەرە گرنگەکان بۆ پۆلێنکردنی وڵاتان و ئەو هەرێمانەی کە هەنە لە چوارچێوەی سیستمی دیموکراسی، هەروەها هەرێمی کودرستان وەکو هەرێمی دیفاکتۆ هەژماردەکرێت، بەهۆی ئەو خاڵە گرنگانەی کە هەیەتی.

لەسەر راسپاردەی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی، بڕیاروایە رۆژی هەینی هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی کۆببنەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەو خاڵانە دەكرێن کە هێشتا ماوە رێککەوتنی لەسەر بکرێت.

سێشەممە (16ـی ئایاری 2023)، کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی بەریتانیا، ئەمەریکا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، کەنەدا، یەكێتی ئەوروپا، فەرەنسا، چیک، یۆنان، ئیتاڵیا، بولگاریا، پۆڵەندا و رۆمانیا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان و خەڵکی هەرێم دەکەن، "بۆ پابەندبوونی بەردەوامیان بە بنەما و بەها دیموکراسییەکان و پێشوازیکردن لە رۆحی نوێبوونەوەی هاوکاری نێوان لایەنەکان".

لەو راگەیەندراوە هاوبەشەدا، داوا لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن هەموو هەنگاوێکی پێویست بگرێتەبەر لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەبێ دواخستن.

کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی یەکێتی ئەوروپا و 12 وڵاتی جیهان لە هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر گرنگی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەرەرانە دەکەنەوە و داوا لە هەموو لایەنە پەیوندیدارەکان و لایەنە سیاسییەکان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی هەریمی کوردستان دەکای بەشێوەیەکی هاوبەش کاربکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی ماون لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، زامنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک بکرێت کە پابەندبێت بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی هەموو هاووڵاتییان بپارێزێت، لەوانەش ئافرەتان و پێکهاتەکان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دیموکراسیدا.

ئەم راگەیەندراوەی کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی یەکێتی ئەوروپا و 12 وڵاتی جیهان لە هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ (16ـی ئایاری 2023)ـی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دێت لە سلێمانی کە تێیدا جەختیان لەسەر پەلەکردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان کردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لەوادەی خۆی لەمساڵدا.

هەروەها رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رۆژی (16ـی ئایاری 2023)، "رێكاره‌ یاساییه‌كانی كاراكردنه‌وه‌ى كۆمسیۆن ته‌واوكراون، چاوه‌ڕوانین له‌ ده‌رفه‌تێكی نزیكدا لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش بگه‌نه‌ رێككه‌وتن".

رۆژی (26ـی ئاداری 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".