دارا سێکانیانی: گۆڕانکاریی ریشەیی لە پرۆژەیاسای بودجەدا نەکراوە

دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی دارایی لە کۆتا قۆناغەکانی گفتوگۆیە لەسەر پرۆژەیاسای بودجە و گۆڕاناکریی ریشەیی لە ناوەڕۆکی پرۆژەیاساکە نەکراوە.

دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەبەرئەوەی بودجە پەیوەستە بە قوتی خەڵک و جوڵەی بازرگانی و سێکتەرەکانی وڵات، بۆیە لەسەر ئاستی هەموو لایەنەکان ویستێک هەیە بۆ تێپەڕاندنی بودجە.

 ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەی دارایی لە کۆتا ساتەکانی تەواوکردنی گفتوگۆیە لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە و رەوانەکردنییەتی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان تا لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بخرێتە بەرنامەی کارەوە و دەنگی لەسەر بدرێت.

هەروەها دارا سێکانیانی روونیکردەوە، ئەو بودجەیەی ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بودجەیەکی زەبەلاحە لەچاو ئەو بودجانەی پێشتر هەبووە و کە دەگاتە 198 ترلیۆن دینار.

لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان، دارا سێکانیانی، روونیکردەوە، پشکی هەرێمی کوردستان کە بە 12.67% دیاریکراوە و مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 16 ترلیۆن دینار بێت، گرێنتی دابینیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات، هەروەها لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانیش پشکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەیە کە لەوانەیە بە پشکی هەڵەبجەوە بگاتە 316 ترلیۆن دینار.

رۆژی (18ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) فەرمانگەی میدیایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە سەرۆکایەتی کۆتاییەکانی دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەم خولەی دەکرد، کۆتایی بە دانیشتنەکە هێنا بۆ کاتێکی نادیار، دوای ئەوەی کۆتاییهات بە خوێندنەوەی دووەم و گفتوگۆی پەرلەمانتاران لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە.

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، حەلبووسی داوای لە لیژنەی دارایی و لیژنە پەیوەندیدارەکان کرد لەگەڵ بانکی ناوەندی و وەزارەتەکان لەسەر هێڵبن و بانگهێشتیان بکەن بۆ لیژنەکان بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا رەشنووسی کۆتایی پرۆژەیاسای بودجە ئامادەبکرێت بە لەبەرچاوگرتنی سەرجەم تێبینی و سەرنجەکانی پەرلەمانتاران لەسەر بڕگە و ماددەکانی پرۆژەیاساکە.

بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دووشەممە.

پێشتر فەرمانگەی میدیایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی 16ـی نیسانی 2023ـی بڵاوکردەوە، کە پاش ئەوەی لیژنەی دارایی راپۆرتی خۆی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، بە ئامادەبوونی لیژنەکانی دارایی، پلاندانان و راژەی فیدراڵی، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 دەکرێت.

رۆژی شەممە (15ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راپۆرتی لیژنەی دارایی سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجە بەدەستگەیشتووە و لە دانیشتنی سبەی یەکشەممەدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە دەکەن.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

قەبارەی بودجەکە بە گشتی زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە، لەو بڕەش پشکی هەرێمی کوردستان %12.67ـە، هەروەها کورتهێنان لە بودجە 63 ترلیۆن دینارە، تێکڕای داهاتی عێراق 134 ترلیۆن دینارە.

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

دوای رەوانەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، باسم عەوادی گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق رایگەیاند، نرخی فرۆشتنی یەک بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار دیاریی کراوە و گوتی: "لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، بڕی نەوتی هەناردەکراو، رۆژانە بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل دیاریی کراوە، لەو ژمارەیە 400 هەزار بەرمیل لەڕێگه‌ی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت". باسی لەوەش کردووە، داهاتی فرۆشتنی نەوت لە بودجەی گشتییدا، بە 117 تریلیۆن و 252 ملیار دینار خەملێنراوە و داهاتی نا نەوتیش، 17 تریلیۆن و 301 ملیار دینارە.

گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆی خەرجییە پێشنازکراوەکان، 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینارە، خەرجی پرۆژەکانی وەبەرهێنان 47 تریلیۆن و 555 ملیار دینارە.