قایمقامی کۆیە: بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین ئاسایشی شار تێکبچێت

K24 - کۆیە:

دوای ئەوەی بەهۆی شەڕ و دەمەقاڵێی خێزانێک لە نزیک پردی ئازادی لە کۆیە تەقە دەکرێت، تێیدا چوار کەس گیان لەدەستدەدەن و کەسێکیش بریندار بوو، لەو باریەوە قایمقامی  قەزای کۆیە، دەڵێت، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین ئەمن و ئاسایشی شار تێکبچێت.

ئەمڕۆ پێنجشەمە (18ــی ئایاری 2023)، تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە، لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی لیژنەی ئەمنیمان لە دیوانی قایمقامیەتی کۆیە ئەنجامدا، بۆ ئەوەی بەرنامەیەکی تۆکمە دابنێن و بتوانین ئەمن و ئارامی کۆیە بپارێزین.

هەروەها دەڵێت: ئەو بەرنامە تۆکمەیەی کە دانراوە لەم شەوەوە جێبەجێدەکرێت، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین ئەمن و ئاسایشی شار تێکبچێت.

تاریق حەیدەری، ئاماژەی بەوەدا، پلانێکی تۆکمە دانراوە لە هەموو شوێنێک چاودێری هەر کارێکی نامۆ دەکرێت کە ئەمن و ئاسایشی شار تێکبدات، هەروەها گوتیشی، هێزە ئەمنیەکان بەردەوامدەبن لە پاراستنی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی ئەرکەکانییان.

رۆژی چوارشەممە (17ــی ئایاری 2023)، بەهۆی شەڕ و دەمەقاڵێی خێزانێک لە نزیک پردی ئازادی لە کۆیە تەقە دەکرێت و تێیدا چوار کەس گیان لەدەستدەدەن و کەسێکیش بریندار دەکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پیاوێک لەگەڵ خێزان و مندالەکانی دەمەقاڵێ و ناکۆکی بووە و تەقەی لێکردوون، لە ئەنجامدا خێزانەکەی و دوو لە کچەکانی و دراوسێیەکی گیانیان لەدەستداوە، کوڕێکیشی بریندار کردووە.