هاووڵاتییان لە چارەسەرنەکردنی کێشەی ئاوی چەمی تانجەڕۆ نیگەرانن

K24 - دەربەندیخان:
ساڵانێکی زۆرە دانیشتووانی تانجەڕۆ و دەربەندیخان نیگەرانن لە پیسبوونی ئاوی چەمی تانجەڕۆ و ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (18ــی ئایاری 2023)، میرخان ئەرکان، دانیشتووی تانجەڕۆ، بە کوردستان24ــی راگەیاند، پیسبوونی ئەم ئاوە بووتە هۆی بڵاو بوونەوەی بۆن و بەرامێکی زۆر ناخۆش. هەروەها داواکارن لە لایەنی پەیوەندیدار بە زووترین کات چارەسەری ئەو کێشەیان بۆ بکەن.
لەمباریەوە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ــی راگەیاند، "ئاوی تانجەڕۆ کە دەڕژێتە دەریاچەی دەربەندیخانەوە، ئەم پرۆژەیە لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەزارەتی ژینگە و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی عێراق، کەوتووینە گفتووگۆ بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ شایستە داراییەکان کە لە یاسای بودجەی فیدڕالی دیاری دەکرێت، ئەم پرۆژەیە چارەسەربکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردن".
دانیشتووانی دەربەندیخان ساڵانێکی زۆرە باس لە پیسبوونی ئاوی خواردنەوەیان دەکەن، وەک خۆشیان دەڵێن، ئەگەر گرفتی ئاوی خواردنەوەیان بۆ چارەسەرنەکرێت ئەوە چەمی تانجەڕۆ هێندەی دیکە زیان بە خەڵکی و ژینگە دەگەیەنێت.