وەزیرێکی چین سەردانی واشنتن دەکات

ئاڵای چین و ئەمەریكا
ئاڵای چین و ئەمەریكا

K24 - هەولێر:

باڵیۆزخانەی چین لە ئەمەریکا ئاشکرایکرد، وەزیری بازرگانی چین هەفتەی داهاتوو بەرەو واشنتن بەڕێدەکەوێت، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندی بازرگانی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

لیو بینگیۆی، گوتەبێژی باڵیۆزی چین لە واشنتن رایگەیاند، وانگ وینتاو وەزیری بازرگانی چین لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا لەگەڵ جینا ریمۆند وەزیری بازرگانی ئەمەریکا و کاسرین تای نوێنەری بازرگانی ئەمەریکا لە واشنتن کۆدەبێتەوە.

کاری بازرگانی لەنێوان ئەمەریکا و چین سەنتەری پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە بووە بەڵام چەند ساڵێكە بووەتە خاڵی مشتومڕ. بەتایبەتی کاتێک جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا فرۆشتنی مایکرۆچیپی تەکنەلۆژیای بەرز بە چین سنووردار کرد و هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمەریکاش پابەندی بڕیارەکە بوون.

گوتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین بەهۆی "رێوشوێنە تاکلایەنەکانی ئەمەریکا"ـەوە زیانی بەرکەوتووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە "چین وەک هەمیشە لەگەڵ کرانەوە و هاوکاریکردنی یەکدی دایە و بەردەوامیش دەبێت لە رەخساندنی دەرفەت بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، لەنێویاندا کۆمپانیا ئەمەریکییەکان".

ئەمریکا کە چین بە رکابەری سەرەکی درێژخایەنی خۆی دەزانێت، هیوادارە بە سنووردارکردنی فرۆشتنی کەرەستە تەکنەلۆژییەکان بە چین لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە کۆنترۆڵی پەکین بکات.