گرووپی جی حەوت لەسەر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیادا رێککەوتن

گرووپی جی حەوت لەسەر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیادا رێککەوتن
گرووپی جی حەوت لەسەر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیادا رێککەوتن

K24 - هەولێر:

گروپی جی حەوت لەسەر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیادا رێککەوتن و هەناردەکردنی هەموو خزمەتگوزاری و کەرەستە و تەکنەلۆژیایەکی وڵاتەکانیان بۆ رووسیا قەدەغە دەکەن.

گروپی جى حەوت لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایکرد، رێککەوتوون لەسەر ئەوەی سزاکانی سەر رووسیا فراوانتر دەکەن و سزای نوێی ئابووری بەسەر مۆسکۆ بسەپێنن، هەروەها هەناردەی هەموو ئەو خزمەتگوزاری و کەرەستە و تەکنەلۆژیایانەی وڵاتانی جی حەوت بۆ رووسیا قەدەغە دەکەن، کە دەبنە پاڵپشتییەک بۆ جەنگ و پارەدارکردنی سوپاکەی.

ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە خۆدزینەوەی مۆسکۆ لە سزاکانیان چڕتر دەکەنەوە و هەموو ئەو کۆمپانیایانەش سزا دەدەن، یارمەتی رووسیا دەدەن لە جەنگدا.

لەگەڵ دەستپێکردنی لوتکەی گروپی حەوت لە هیرۆشیما، لوتکەی چین و وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیاش بۆ بەهێزکردنی ئابووری و پەیوەندییە بازرگانییەکانیان دەستیپێکرد، شی جینپینگ سەرۆک کۆماری چین رایگەیاند، ، دەبێت بە هەموو شێوەیەک رووبەڕووی هەر دەستێوەردان و هەوڵێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکانیان ببنەوە. ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە هەماهەنگییەکانیان بۆ دروستکردنی رێگەی ئاوریشم چڕتر بکەنەوە.

سەرۆک کۆماری چین رایگەیاند، دەبێت بە هەموو شێوەیەک رووبەڕووی هەر دەستێوەردان و هەوڵێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی ولاتەکانیان ببنەوە.

لوتکەی چین و وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا بۆ تاوەکو 20ی ئایار و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، لوتکەکەش هاوکاتە لەگەڵ لوتکەی گروپی حەوت، کە یەکێک لە ئەجێنداکانی بریتییە لە پرسی چین و هەڕەشە و دەستێوەردانەکانی لە زەریای هێمن و گەرووی تایوان.

گروپی حەوت (G7)

ئەندام

7 وڵات + یەکێتی ئەوروپا

ئەمه‌ریکا

کەنەدا

فەرەنسا

ئەڵمانیا

ئیتاڵیا

بەریتانیا

ژاپۆن

یەکێتی ئەوروپا

دامەزراندن

1973

یەکەم لوتکە

1975

ئامانج

سیاسی و ئابووری

ئابووری

تێکڕای بەرهەمی ناوخۆ

200 ترلیۆن دۆلار

تێکڕای بەرهەمی ناوخۆی جیهان

%30-%40

ژمارەی دانیشتووان

777,000,000 کەس

%10ی دانیشتووانی جیهان