پۆلیسی ئارجێنتینا: چەند یاریزانێکی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق کاری تێکدەرانەیان ئەنجام داوە و پەلاماری خانمێکیان داوە
یاریزانانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە ئارجێنتینا بەوە تۆمەتبار دەکرێن پشێوی و ئاڵۆزییان ناوەتەوە و هەڵسوکەوتی ناشرینیان بەرامبەر کارمەندانی کەمپی شوێنی مانەوەیان ئەنجام داوە.
بنکەی پۆلیسی شاری لاپلاتا لە ئارجێنتینا کە شوێنی مانەوەی شاندی هەڵبژاردەی لاوانی ئارجێنتینایە، لە نووسراوێکیدا کە دەست میدیاکان کەوتووە، ئاشکرایکردووە بەشێک لە یاریزانانی لاوانی عێراق هەڵسوکەوتی ناشرینیان نواندووە و بوونەتە هۆی بێزارکردنی کارمەندانی ئەو هۆتێلەی تیایدا ماونەتەوە، تەنانەت یەکێک لە یاریزانانی هەڵبژاردەکە ئەسانسۆری هۆتێڵەکەی تێکداوە و یاریزانێکی دیکەش بە ئەنقەست زەنگی فریاکەوتنی لەناو هۆتێڵەکە هەڵگیرساندووە، بەگوێرەی نووسراوێکی پۆلیس یەکێک لە یاریزانەکان لە هۆتێلی دازلەر بووەتە هۆی بێزارکردنی یەکێک لە کارمەندە خانمەکانی ئەو هۆتێلە.
مارتن ئەریڤۆلا رۆژنامەنووسی ئارجێنتینی لە تویتەر دووپاریکردووەتەوە، بەشێک لە یاریزانانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بوونەتە هۆی بێزارکردنی یەکێک لە خانمە کارمەندەکانی هۆتێلەکەیان.
Hay un futbolista de la selección Sub 20 de Irak que está detenido en La Plata. Una empleada del Hotel Dazzler le hizo una denuncia por abuso.
— Martin Arevalo (@arevalo_martin) May 19, 2023
شاندی هەڵبژاردەی عێراق دوو رۆژە گەیشتوونەتە ئارجێنتینا کە بەگوێرەی سەرچاوەی میدیا عێراقییەکان، شاندەکە گلەیی لە شوێنی مانەوەیان هەیە و داوای گۆڕینی هۆتێلەکەیان لە رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە کردووە.
هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بە بەشداریی پێنج یاریزانی کورد لە ئارجێنتینا بەشداریی مۆندیالی خوار 20 ساڵان دەکات، کە رۆژی 23ـی ئەم مانگە یەکەم یاریی خۆی بەرامبەر ئۆرۆگوای ئەنجام دەدات، دوای سێ رۆژی دیکە رووبەڕووی توونس دەبێتەوە ئینجا رۆژی 28ـی ئەم مانگە لە کۆمەڵەی پێنجەمی مۆندیالی خوار 20 ساڵان بەرامبەر ئینگلتەرا یاریی دەکات.